بە فەرمانی مەسرور بارزانی ماستەرپلانی چەقی شاری هەولێر دادەنرێت

بە فەرمانی مەسرور بارزانی ماستەرپلانی چەقی شاری هەولێر دادەنرێت
لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەی دانانی ماستەرپلانی چەقی شاری هەولێر دەستی پێکرد و یەکەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە ئامادەکردنی ئەم پرۆژەیە بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦، بە سەرپەرشتیی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە ئامادەکردن و دانانی ماستەرپلانی چەقی شاری هەولێر ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لەسەر دیدگا و گرنگیدانی سەرۆکی حکوومەت و کابینەی نۆیەم بە دانانی ماستەرپلان، بە تایبەتی بۆ چەقی شاری هەولێر، کردەوە.
ساسان عەونی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پرۆژەیە تەنیا بۆ شاری هەولێر گرنگ نییە، بەڵکوو بۆ هەموو هەرێمی کوردستان گرنگییەکی ستراتیژی هەیە، چونکە هەولێر پایتەختی هەرێمە و ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان و گەشتیاران لە ناوخۆی هەرێم، پارێزگاکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە سەردانی دەکەن.
بەپێی ئەم پرۆژەیە، گرنگییەکی تایبەت بە پاراستنی ناسنامە، کولتوور، کەلەپوور، خانوو و گەڕەکە کۆنەکانی چەقی شاری هەولێر دەدرێت، لەگەڵ ئەوەی هەنگاوێک بێت بۆ بووژاندنەوەی ئابووری و زیندووکردنەوەی شوێنە فەرامۆشکراوەکانی ناوەندی شار.
لە ماستەرپلانەکەدا بوارەکانی جوانکاری و ڕێکخستنی شار، خزمەتگوزاری، ئابووری، ژینگە، کولتوور، شوێنەوار، هاتووچۆ و گواستنەوە، تەلارسازی و گەشتیاری بە شێوەیەکی هەمەلایەنە ڕەچاو دەکرێن، بۆ ئەوەی چەقی شاری هەولێر بە شێوەیەکی نوێ و هاوتەریب لەگەڵ ناسنامە و مێژووی شارەکە بخرێتەوە ژیان.



