بە فەرمانی مەسرور بارزانی، کاروانی سێیەمی نەخۆشانی تالاسیمیا ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران

بە فەرمانی مەسرور بارزانی، کاروانی سێیەمی نەخۆشانی تالاسیمیا ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران
ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی تشرینی یەکەمی 2025، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کاروانی سێیەمی نەخۆشانی تالاسیمیا کە 48 کەسن و لە نەخۆشانی تالاسیمیا و بەخشەران و هاوەڵەکانیان پێک هاتووە، بۆ نەشتەرگەریی چاندنی مۆخی ئێسک، لە لایەن وەزارەتی تەندروستییەوە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کران.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم کاروانە، دوای پشکنین و ئامادەکارییە پزیشکییەکان و ڕێکارە زانستییەکان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کراون و تەواوی خەرجییەکانی چوون و هاتنەوە و مانەوە و پشکنینەکان و نەشتەرگەری و چارەسەرییەکانیان لەسەر بودجەی پێویستی تەرخانکراو بۆ ناردنی 140 تووشبووی تالاسیمیا دابین دەکرێت.
جەختیش کراوەتەوە ئەم نەخۆشانە بۆ ژمارەیەک نەخۆشخانەی خاوەنی متمانەی نێودەوڵەتی JCI بەڕێ دەکرێن و حکوومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی 11 ملیار دیناری بۆ نەخۆشانی خاوەن بەخشەر و نەخۆشانی بەبێ بەخشەر تەرخان کردووە.
بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی تەندروستی، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان پەیامی پاڵپشتی و پەرۆشیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی بەم نەخۆشانە ڕاگەیاند و هیوای چاکبوونەوە و گەڕانەوەی بە سەلامەتی بۆ خواستن.
ئێستا 120 هاوڵاتیی هەرێمی کوردستان کە نەخۆشیی تالاسیمیایان هەیە لە نەخۆشخانەکانی دەرەوەی وڵاتن و لە ڕۆژانی داهاتووشدا کاروانی چوارەم کە 60 نەخۆش و هاوەڵەکانیان لەخۆ دەگرێت، بۆ هەمان مەبەست بەرەو دەرەوەی وڵات بەڕێ دەکرێن.