حكوومەتی هەرێم كارەبا بە وزەی خۆر بۆ گوندنشینان بەقیست دابین دەكات

حكوومەتی هەرێم كارەبا بە وزەی خۆر بۆ گوندنشینان بەقیست دابین دەكات

حكوومەتی هەرێمی كوردستان كارەبای لە وزەی خۆر بۆ گوندی گوندی ئێنەمسیدی سنووری ‌شارۆچكەی مێرگەسۆر دابین كرد. ئێستە 32 ماڵی گوندەكە‌ لەم ڕێیەوە سوود لە كارەبای بەردەوام وەردەگرن.

ماوەی حەوت مانگە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێی وزەی خۆر كارەبای بۆ دانیشتووانی گوندی ئێنەمسیدی سنووری مێرگەسۆر دابین كردووە، ئەو گوندە 32 ماڵن، بەم كارە دڵخۆشن و بەباشترین خزمەتی دەزانن پێشكەشیان كرابێت، چونكە هەم كارەبای بەردەوامیان هەیە و هەمیش دۆستی ژینگەیە. لەم چەند ساڵەدا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بەگوژمەی 250 ملیار دینار پڕۆژەی گەیاندن و وەبەرهێنانی لە بواری كارەبادا جێبەجێ كراوە و ژمارەیەك پڕۆژەش ڕەزامەندییان بۆ دراوە.

هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەمبارەیەوە رای گەیاند، پێدانی كارەبا بە هەموو گوندەكان، ئەركی وەزارەتی كارەبای قورس كردووە و ئێستە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كار لەسەر بەرنامەیەك دەكات بۆ ئەوەی بتوانین بەشێوەیەكی تر كارەبا بۆ گوندەكان دابین بكەین، بە جێبەجێكردنی ئەم پلانە دەتوانین فشار لەسەر كارەبای نیشتمانی كەم بكەینەوە و كارەبای زیاتر بۆ شارەكان دابین بكەین.

پرۆژەی دانانی كارەبا بە وزەی خۆر بۆ گوندەكان، یەكێكە لەو كارانەی ئێستە حكوومەتی كوردستان جێبەجێی دەكات، هەر ماڵێك كارەبای بە وزەی خۆر بۆ دابین دەكات، بەشێوەی قیست پارەكەیان لێ وەردەگرێتەوە.

ئەو سیستمەی ئێستە بۆ گوندی ئێنەمسیدی سنووری مێرگەسۆر دانراوە، شەو هەشت ئەمپێر و رۆژیش 16 ئەمپێر كارەبا دابین دەكات، تێچووەكەی سێ هەزار و 100 دۆلارە، پارەكە حكوومەت دابینی كردووە و بە قیست دانیشتووانی گوند دەیدەنەوە.
پرۆژەی وزەی پاكی كارەبا بە سوودوەرگرتن لە تیشكی خۆر لە گوندی ئێنەمسیدی قەزای مێرگەسۆر، بە گوژمەی 200 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ كراوە.