ڕاگەیەندراوێکی گرنگ لە ئەپیکورەوە گەیشت

ئەپیکور بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان داوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی نووسراو دەکات

کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان، ڕایگەیاند: کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکە، پێداگرن لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نووسراو، کە ڕێز لە گرێبەستەکانیان بگرێت.
یەکشەممە 20ـی نیسانی 2025، کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان ناسراو بە ئەپیکور، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، دوای کۆبوونەوەی سێقۆڵی ئەمڕۆت نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان، حکوومەتی فیدراڵ و کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور، کۆمپانیاکان گفتوگۆیان لەسەر مەرجەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردە نەوت کرد و پێداگرن لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نووسراو، کە ڕێز لە گرێبەستەکانیان بگرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور جەخت لە جێبەجێکردنی هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ دەکەنەوە، لەوانەش مەودا و شێوازی کاری کۆمپانیای ڕاوێژکاری سەربەخۆ و پێشێلنەکردنی گرێبەستە بەرکارەکانی کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان. هەروەها لەگەڵ بوونی ڕێککەوتنێکی نووسراو، دڵنیایی لە پێدانی پارەی کۆمپانیاکان بدات.
ئەپیکور ئاشکراشی کرد، بەشێک لە کۆمپانیاکانی ئەندامی ئەپیکور ڕەشنووسی فرۆشتن و ڕێککەوتنی دەرهێنانی نەوتیان پێشکەش کردووە و پێشنیازی وردیشیان بۆ مەودای کاری ڕاوێژکاری سەربەخۆ داوەتە حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ.
جەختی لەوەش کردەوە، دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی نووسراویش، ئەپیکور ئامادەیە هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button