لەبارەی کردەوەکانی هێزەکانی یەکێتی لە سلێمانی نووسەر و ڕۆژنامەنووس بارزان عەلی حەمە نووسیویەتی:
مەبەستم تەشهیر نییە، بەس من خەڵک دەناسم لەسەر دزیکردن دوو سێ ساڵێک لە زیندان بووە، کەچی پاش ماوەیەک بوو بە کارمەندی کۆماندۆ.
هەر بۆخۆی قاداتی ئێستای یەکێتی، حەزێکی هەرزەکارانەیان بۆ عەرزی عەزەڵە و نمایشی چەکداری و هتد هەیە. پێشانیش وتبووم، تا ئەم لەحزەیە بافڵ تاڵەبانی حەوشەی زانکۆی سلێمانیی نەدیوە، کتێبخانەی گشتی و دەزگای سەردەم هەر نازانێت چییە و لە کوێدایە! بە پیکابێکەوە هەر فڕکان فڕکیەتی لە دژەتیرۆرەوە بۆ کۆماندۆ… لە کۆماندۆوە بەرە و دژەتیرۆر، ئەوجا بەرە و یەکەی حەفتا، لە حەفتاوە بەرە و کۆماندۆ، لە کۆماندۆوە بۆ فەرماندەیی، لە ئۆپراسیۆنەوە بۆ کۆماندۆ، لە کۆماندۆوە بۆ لیوای سکرتاریەت، دیسان بەرەو حەوشەی کۆماندۆ…
جا کە یەک ئەبینن، بە جۆرێک ئەنووسێن بە یەکا و باوەش بە یەکترییدا ئەکەن و یەکتر ماچ ئەکەن و هتد، ئەڵەی لە جەنگی واتەرلۆوە گەڕاونەتەوە و دوانزە ساڵە یەکتریان نەبینیوە، کەچی هەموو ڕۆژێکیش پێکەوەن!
جا ئێستا قوباد تاڵەبانی-یش فێری ئەم فعلە بووە، هەر لەپڕ خۆی ئەکات بە حەوشە و ڕاڕەوی کۆماندۆ یا دژەتیرۆرا، بەڕیز ئەوەستن، شەش حەوتێکن سەرەی تەوقە و باوەش ئەبەستن ئەڵەی بیست ساڵە یەکتریان نەدیوە، لەولایشەوە چل پەنجا کەس گوێنوویان لەسەر کردووە و گەڵا و پوش و پەڵاشیان لە خۆیان ئاڵاندووە و بە قەناسەوە ڕژاون بەسەر دار و دیوار و پەنجەرەی بینای دژەتیرۆرا، شانزە پەیجیش بەلایڤی فەیسبووک باسی ئەم سەردانە موهیمە ئەکەن!
خوا دەزانێت بە ڕوونی ڕۆحییەتی هەرزەکاریی بە دەموچاویانەوە دەبینم. کە لە حەوشەی دژەتیرۆر دادەبەزێ و سەیرێکی ئەملاولا دەکات، کیم جۆن ئون و پوتین بەقەد ئەو هەست بە غرور و عەزەمەت ناکات!
ئیتر هەموو چالاکییەکانیان لەم چوار پێنج حەوشەیەدایە!
هەموو ڕۆژێک کۆبوونەوە موهیم و چارەنووسسازەکانی میللەتی سلێمانی لای ئەم شەش حەوت کەسەن: بافڵ، دیاری کۆماندۆ، سەرخێڵی پیکابە ڕەشەکان، وەهابی دژەتیرۆر، سێ چوارێکی ترن شوکر ناویان نازانم، ئەمیان هەواڵگریی یەکەی حەفتایە و ئەوی تر مەسولی شوعبەی نهێنی سکرتارییەت و ئیتر ئاوا…
جا بەڕاستی کە لاهور ڕووخا، ئەوجا دەرکەوت دژەتیرۆر و سپێشەڵ فۆرسەکانی یەکێتی، هەر ئەوەن کە بافڵ خۆی وتی: قژلوول و نەعل لەپێ!
ماویەتی…