کاندیدێکی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن کوڕانی تاڵەبانی هەڕەشەی هەڵکوتانە سەری لێ دەکرێت

کەسێکی نزیک لە رزگار محەمەد پەرلەمانتاری پێشوو و کاندیدی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ بازمیدیا رایگەیاند: “ماوەیەکی زۆرە لەلایەن یەکێتییەوە فشار لە رزگار محەمەد دەکرێت، ئێستاش کە جارێکی دیکە خۆی کاندید کردووەتەوە لەسەر لیستی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنی کوردستان، فشارەکانیان چڕترکردووەتەوە”.

بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیە، کوڕەکەی رزگار محەمەد بەنای (دیار) لە گەرمیان لەلایەن ئاسایشی یەکێتییەوە دەستگیر کراوە، بە بێ ئەوەی هیچ هەڵەیەکی کردبێت، بەتۆمەتی رفاندن کەیسیان بۆ کردەوە، وەک تیرۆرست مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، بۆ ماوەی 15 رۆژ لە زیندانی تاکە کەسی (ئینفرادی) بەندیان کردووە، دواتر کاغەزیان هێناوەتە پێشی و بە چاوی بەستراو داوایان لێ کردووە واژۆی بکات، بەڵام کوڕەکەی رەتی کردووەتەوە پێی گوتون تا نەزانێت چی تێدا نووسراوە واژۆی ناکات، هەرچەندە دوای هەوڵێکی زۆر توانیمان بە کەفالەت ئازادی بکەین، بەڵام هێشتا وازیان لێ نەهێناوە، نەیانتوانی کەیسی رفاندنی بەسەرا ساخ بکەنەوە، ئێستا کەیسی سەرانە وەرگرتنیان بۆ کردووەتەوە.

ئەو سەرچاوە نزیکە لە پەرلەمانتارەکەی پێشووی گۆڕان، دەڵێت: “لەم ماوەیەدا لەلایەن هاوڕێیەکییەوە لە شارەزورەوە پەیوەندی بە کاک رزگارەوە کرا، پێیان گوت ئاگاداری خۆتبە، چونکە ئاسایشی یەکێتی دوو گەنجی دەستگیر کردووە، کاتێک بۆ داواکردنی مافی خۆیان لەگەڵ کەسێک شەڕیان کردووە، ئەوانەش 15 رۆژ بەندکراون و ئەشکەنجو دراون، دوایان لێکردوون کە ئیفادە بدەن کە رزگار محەمەد گوایە چەکی پێداون تا تەقە لە خەڵک بکەن و پەلاماری خەڵک بدەن و سەرانەیان لێ وەربگرن، بەو مەرجە ئازادیان دەکەن، ئەمەش بۆ لەکەدارکردنی رزگارە”.

ئاماژەی بەوە دا، ئێستا کە یەکێتی نائومێدە لەو کاندیدەی گۆڕان و هەوڵی ئەوە دەدات تۆمەتی بۆ دروست بکەن، جارێک بە پێدانی چەک بە خەڵک و جارێک بە وەرگرتنی سەرانە لە خەڵک، ئێستاش لەلایەن هێزێکی یەکێتییەوە دەست بەسەر پرۆژەیەکی دا لە گەرمیان گیراوە کە بەناوی خۆیەتی.