سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەكات

ڕۆژی سێشەممە 16ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز پاتریك دوریل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هەورەها بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم و باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بەوەی كە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا دیالۆگ بەرقەرارە و ئەوەشی خستەڕوو كە فەڕەنسا هەموو كاتێك هاوسۆز و پاڵپشتی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە و پێویستە مافەكانی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدڕاڵدا بپارێزرێن. جەختیشی كردەوە كە وڵاتەكەی دیالۆگ بە باشترین ڕێگە دەزانێت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها كێشە سیاسیەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان.

هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی پێزانینی بۆ ڕۆڵی مێژوویی فەڕەنسا هەبوو لە پشتیوانیكردنی مافە ڕەواكانی گەلی كورد لە هەموو قۆناغەكان. سەرۆك بارزانی ئاماژەشی بە خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان دا لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و سەروەری و مافە نەتەوەییەكان و ڕەتكردنەوەی جیاكاری و ستەم. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بریتیە لە پێشێلكردنی دەستوور و پابەندنەبوون بە ڕێككەوتنەكان و هەروەها دروستبوونی مەترسی لەسەر پڕۆسەی دیموكراسی و هەوڵدان بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان كە هەرێمێكی دەستووری و بەرهەمی قوربانیدانی دەیانساڵەی گەلەكەمانە. سەرۆك بارزانی بودجە و شایستە دارییەكانی هەرێمی كوردستانی بە مافێكی سرووشتی خەڵكی كوردستان لە قەڵەم دا كە بە هیچ شێوەیەك نابێ بكرێتە كارتێكی سیاسی و لەدژی هەرێم بەكار بهێندرێت. هەر لە درێژەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامیی دیالۆگی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ ڕاگەیاند و بە باشترین ڕێگە بۆ چارەسەربوونی كێشەكان نێوان هەردوولای وەسف كرد.

لەبارەی هەڵبژاردنەکانی هەرێم سەرۆك بارزانی تەئكیدی كردەوە كە پارتی هەردەم ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد كە دەرئەنجامەكانی دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەرانی بێت و پێکهاتەکان بتوانن نوێنەرایەتی ویست و دەنگی خۆیان بکەن و دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختە و گیروگرفتی یاسایی و تەکنیکی. سەرۆك بارزانی هیوایشی خواست لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێم و ڕەچاوكردنی كولتوور و بەهاكانی دیموكراسی لە خزمەتی پاراستن و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستاندا بن.