سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە ژمارەیەک باڵیۆز و کونسوڵ و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12/7 ، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ئێوارەخوانێکی تایبەتدا بەبۆنەی جەژنەکانی لەدایکبوون و سەری ساڵدا، پێشوازی لە باڵیۆز و کونسوڵی گشتی و نێردە و دیپلوماتی وڵاتان لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.
سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا ، پیرۆزبایی جەژنەکانی لەدایکبوون و سەری ساڵی لێکردن و هیوای ساڵێکی پڕ لە شادی و سەرکەوتنی بۆ خواستن.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە شەڕو ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کرد و نیگەرانی و خەمگینی خۆی بۆ گیان لە دەستدانی قوربانییانی سڤیل دەربڕی و جەختی لە چارەسەرکردنی کێشەکان بە ڕێگەی گفتوگۆ و بە شێوازێکی ئاشتییانە کردەوە.هەروەها داوایکرد کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان چارەسەر بکرێن .
لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا، سەرۆکی حکومەت باسی لە ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر ژیانی خەڵک کرد و داوای پەرەپێدانی هەماهەنگیی و هاریکاری کۆمەڵگەی نيودەوڵەتی کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.