سەرۆکی حکومەت لەگەڵ شاندی دانوستانکاری هەرێم کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ یەکشەممە 10/22، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیى وەزیری دارایی و ئابووری کۆبووەوە، کە هەفتەی ڕابردوو بە مەبەستی خستنەڕووی ژمارە و زانیاری دروست لەسەر تەوەرەکانی پەیوەندیدار بە دۆخی دارایی و بودجە و مووچەی هەرێم، ئامادەی کۆبوونەوەی هاوبەشی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران و وەزیری دارایی و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕاڵ بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم ئامادەی بوون، تیمی حکومەت کورتەیەکیان لهبارەی ئەنجامی سەردانەکەیان بۆ بەغدا خستەڕوو، ئاماژەیان بەوە دا کە ڕوونکردنەوەی تەواویان بە داتا و زانیاری وردەوە پێشکەش کردووە و لە ئەنجامدا تێگەشتنێکی ئەرێنی هاوبەش دروست بووە لە نێوان ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە، لەسەر چۆنییەتی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی مووچە لە پێوەری خەرجیى ڕاستەقینە وەک شایستەی قانونی مووچهخۆر و دوورخستنەوەی لە ململانێ سیاسییەکان، بەم ئاراستەیەش لە کۆبوونەوەکەدا، میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەری ئەم بابەتە خرایەڕوو.
سەرۆکی حکومەت وێڕای دەستخۆشیکردن لە تیمی حکومەتی هەرێم، دووپاتی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندە بە چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان و ڕێزگرتن لە قەوارەی فیدرالی هەرێم. گوتیشی دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، کاری لەپێشینەی ئەنجومەنی وەزیرانە و لەم پێناوەشدا، حکومەتی هەرێم، بەردەوام دەبێت لە بەجێگەیاندنی ئەرک وپابەندییە دەستووریەکانی خۆی، لە بەرانبەریشدا چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدڕاڵە کە شایستە داراییەکانی هەرێم لەپێش هەمووشیانەوە تەرخانکراوی مووچە وەک لە خشتەکانی بودجەی عێراقدا هاتووە بۆ هەرێم خەرج بکات، هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکومەت تیمی دانوستانکاری ڕاسپارد، لە نزیکترین دەرفەتدا و لەبەر ڕۆشنایی دەرئەنجامی کۆبوونەوەی هاوبەشی لایەنەکان لە لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، لە پەیوەندی بەردەوام بن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی، تا گەیشتن بە چارەسەرێکی هاوسەنگ و گونجاو.