ئەمڕۆ هەینی دووی كانوونی یەكەم، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان هاتووە، رۆژی یەكی كانوونی یەكەمی 2022، لە قەزای چەمچەماڵ 260 پارچە زەوی بەسەر زیندانیانی سیاسیدا دابەشكرا، ئەمەش دوای دەرچوونی فەرمانێكی مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە 23 تشرینی دووەمی 2021، كە هەریەك لە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزار بۆ ئامادەكاری و وردبینی كردن لە ناوی كەسەكان راسپاردبوو بۆ پێدانی ئەو زەوییانە.
لە فەرمانەكەی سەرۆك وەزیراندا هاتووە كە ئاماژە بە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 38 لە رۆژی 11/ 2/ 2017 و لە ژێر رۆشنایی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهید و ئەنفالكراوەكان لە هەرێمی كوردستان ژمارە نۆی ساڵی 2007 و یاسای ئیمتیازاتی زیندانیكرا و گیراوانی سیاسی كوردستان ژمارە 11ی ساڵی 2011 بڕیار درا بە جێبەجێ كردنی فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت بە تەرخان كردنی زەوی بۆ 11 هەزار و 141 هاووڵاتی لە میراتگرانی شەهیدان و ئەنفالكراوان و جینۆساید و زیاندانیانی سیاسی و رزگاربووانی شاڵاوی ئەنفال لە سنووری پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان لە هەرێمی كوردستان.
فەرمانەكەی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژە بەوە دەكات كە، ئەو كارە دوای وردبینی كردن لە تەواوی ناوەكان و دڵنیابوون لە بوونی مەرجەكانی تەرخانكردنی زەوی تیایاندا، ئەوەش لە رێی لیژنەیەكی پسپۆڕە كە نوێنەری هەریەك لە وەزارەتەكانی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراون و شارەوانی و گەشتوگوزار تێدا بێت.
هەر بەپێی فەرمانەكەی سەرۆك وەزیران، پێویستە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كاری پێویست ئەنجام بدات بە وردبینی كردنی لیستی ناوەكانی مامەڵەكانی تەرخانكردنی زەوی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان (كەلار و كفری) لەگەڵ دابینكردنی زەوی پێویست بۆ مەبەستی جێبەجێ كردنی فەرمانەكە.