مهسرور بارزانی، سهرۆكی حكومهتی ههرێمی كوردستان، دوای سهرپهرشتیكردنی كۆبوونهوەی ئهنجومهنی وەزیران، ڕاگهیاندراوێكی بڵاو كردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی حکومەت :
ئەمڕۆ سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانمان کرد.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، کورتەیەکمان دەربارەی ئەنجامی سەردانی دوێنێی شاندی باڵای حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڕێز محەمەد شیاع سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان خستەڕوو.
ئاماژەمان بەوە دا، کە لە بارەی چەندین تەوەر، گفتوگۆیەکی ڕاشکاوانە کرا و هەستمان بەوە کرد کە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، ویست و ئارەزوویەکی بەهێزی هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنی لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت.
هەروەها بە بۆنەی تەواوکردنی ڕێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کە هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و حکومەتی عێراقمان کرد و هیوادارین ئەم هەنگاوە، ببێتە هۆی زیاتر بووژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان لەم پارێزگایە. ئاماژەمان بەوەشدا کە دوێنێش داوامان لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کردووە کە پێویستە بە پێی دەستوور، قەرەبووی بنەماڵە و کەس و کاری شەهیدان و زیانلێکەوتووانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق بکرێتەوە.
لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، دوایین هەنگاوەکانی پەسەندکردنی یاسای بودجەی گشتیی عێراق لە لایەن شاندی دانوستانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خرایەڕوو.
جەختمان لە وە کردەوە کە هەروەک چۆن لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ، هەماهەنگییەکی باش لە نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ هەبوو، پێویستە بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی بودجەش، هەماهەنگیی و لەیەکتێگەیشن لە نێوان هەردوولادا هەبێت، بۆ ئەوەی یاسای بودجە بە باشی و دروستی و بەشێوەیەک جێبەجێ بکرێت کە لە خزمەتی گشت پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.
ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لە پەسەندکردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەکات و بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ، میکانیزم و ڕێکاری پێویست دادەنێت بۆ ئەوەی بڕگەکانی ئەم یاسایە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی، جێبەجێ بکرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا دەکات ئەم پڕۆژە یاسایە، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، لە ماوەیەکی نزیکدا پەسەند بکرێت تاکو هەرچی زووە، بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
لە بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆمان لەبارەی بارودۆخی ئێستای دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان کراد و ڕاسپاردە و پێشنیاری پێویست سەبارەت بە چۆنیەتی زیادکردنی داهاتی گشتی خرانەڕوو، بەمەبەستی پڕکردنەوەی خەرجییەکان و دابینکردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران و خانەنشینان و دابەشکردنی لە کاتی خۆیدا .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان