د.مەغدید سەپان:هەموو پەیوەندییەکی خۆم لەگەڵ ئەو حزبە دەپچڕێنم بەو سەرکردایەتییە ژیانیان ناخۆشتر و ئاڵۆزتر و داهاتوویان تاریک دەبێ

د.مەغدید سەپان:هەموو پەیوەندییەکی خۆم لەگەڵ ئەو حزبە دەپچڕێنم بەو سەرکردایەتییە ژیانیان ناخۆشتر و ئاڵۆزتر و داهاتوویان تاریک دەبێ
دوا کۆنگرەی یەکێتی
بڕیارە بەیانی (٢٧ی ئەیلول) یەکێتی کۆنگرەی پێنجی ببەستی. لەو کەشوهەوا نائارامەی ناو حزب و هەرێم، تەنیا یەک مەبەست لەپشت بەستنیەوە هەیە، ئەویش بەشەرعیدانی کودەتای تەموزی ٢٠٢١ و خۆ سەپاندنی بەزۆری کوڕەکانی مام جەلالە، بەسەر حزب و ئۆرگانەکانی یەکێتی لەکاتێکدا، ئەگەر مام جەلال خۆی لەژیان مابا، ڕەزامەندی ئەویان قەت بۆ بەستنی کۆنگرە بۆ وەرنەدەگیرا.
خەڵک دەزانی، بەستنی ئەو کۆنگرەیە، بۆ لێدان و لادانی هەندێ هەڤاڵی تێکۆشەری یەکێتییە، بۆ ئەوەی لە حزب دووریان بخەنەوە خۆشیان، شەوان ئارامتر بخەون و کەسیش نەوێری، لێپێچینەوەیان لەسەر پشکی نەوت و گومرگ و داهاتی ناوەخۆ و وێرانکردنی پەیوەندییەکانی یەکێتی
لەو کورتە نووسینەم دەبی ئەوەش بنووسم، کە هەموو ئەوانەی لەو کۆنگرەیە بەشدارن، لەجیاتی شانازیکردن بە ئەندامێتی خۆیان لە کۆنگرە، دەبی ئارەقەی شەرمەزاری دایانبگرێ، چونکە لەگەڵ دەست بڵندکردنی ئەوان، ئیمزا لەسەر توندڕەوی و تاکڕەوی لەناو حزب دەکرێ، لەگەڵ دەنگدانی ئەوان، کەشوهەوایەکی توندتری سیاسی و ئابووری و ئیداری بەرهەم دێ، هەروەها دەنگدانی ئەوان، ڕازیبوونە بەوەی، لاپەڕەیەکی تازە هەڵبدرێتەوە و لەو لاپەڕە تازەیەش، خەبات و تێکۆشانی مام و هەڤالانی سفرکرایتەوە، خانەوادەی شەهید هیچی نەمایە شانازی پێوەبکات و پێشمەرگە و تێکۆشەرانی دێرینیش تێدەگەن، ڕەنجیان بەلاش ڕۆیی.
لە ڕاستیدا، من هیچ شتێکی هاوبەشم، لەگەڵ ئەو حزبە (یەکێتی) و سەرکردایەتی ئەو حزبە تازەیە نەمایە. ئەوەی من بەدرێژایی ژیانم خەباتم بۆیدەکرد، ئێستا پێچەوانەکەی دەبینم بۆیە، هەموو پەیوەندییەکی خۆم لەگەڵ ئەو حزبە دەپچڕێنم و زیاتر ئەندامی یەکێتی نیم، باوەڕیش ناکەم، بەو سەرکردایەتییە خۆسەپێن و ئاشقەی پول و کورسی و دەستەڵات، هیچ بۆ کورد و کوردستانیان بکرێ، جگە لەوەی ژیانیان ناخۆشتر و ئاڵۆزتر و داهاتووشیان تاریکتر دەکەن.