پەرلەمانتارێکی عێراق بۆ بازمیدیا: ئەو لایەنانەی بانگەشەی رادەستکردنی نەوت و داهاتیان بۆ بەغدا دەکرد، با ئێستا داوا لە بەغدا بکەن مووچە و بودجە بۆ هەرێم بنێرن

پەرلەمانتارێکی عێراق: ئەو لایەنانەی بانگەشەی رادەستکردنی نەوت و داهاتیان بۆ بەغدا دەکرد، با ئێستا داوا لە بەغدا بکەن مووچە و بودجە بۆ هەرێم بنێرن

شێروان دووبەردانی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە (بازمیدیا)ی راگەیاند؛ ئەو لایەنە سیاسی و پەرلەمانتارانەی کوردستان و عێراق کە بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، گوایە هەرێمی کوردستان پابەند نابێت بە رادەستکردنی نەوت و داهاتەکانی ناوخۆ و خاڵە سنوورییەکان، ئەگەر پابەند بوایە ئەوا بەغدا زووتر مووچە و بودجە دەنێرێت، ئێستا با ئەو لایەن و پەرلەمانتارانە بێنە سەر خەت و بە بەغدا بڵێن مووچەی فەرمانبەران بۆ کوردستان بنێرن، بۆ بێدەنگن؟، خۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ بیانوویەکی بەغدای نەهێشتووە و پابەند بووە بە رێککەوتنەوە، بەڵام ئەوەتا بەغدا زوڵمێکی گەورە دەرحەق بە فەرمانبەران و خەڵکی کوردستان دەکات.

ئەو پەرلەمانتارە جەختی کردەوە کە خەڵکی کوردستان ئێستا بەرچاویان روون بووەتەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان حەق بووە و داوای مافەکانی دەکات، هیچ شتێک نەماوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێیەوە پابەند نەبێت، بەغدا تەنیا ٥٠٠ ملیاری بە قەرز بۆ هەرێمی کوردستان نارد، لە کاتێکدا بوودجە چەند مانگێکە پەسەند کراوە و دەبوو تا ئێستا رەوانە بکرایە، بەڵام بەغدا خۆی لە خەت داوە و ئەو پەرلەمانتار و لایەنە سیاسییە کوردیانەش کە پێشتر بانگەشەیان بۆ بەغدا دەکرد خۆیان کپ کردووە.