یەکێتی چاوساخی هاتنی پە*کە*کە بۆ زۆنی سەوز دەکات و هەر خۆشی بە کوشتیان دەدات

نازم هەرکی، ئەندامی یەدەگی کۆمیتەی ناوەندی پارتی بە (بازمیدیا)راگەیاند؛ یەکێتی سیاسەتێکی هەڵە پەیڕەو دەکات، بە دەستی خۆی پە*کە*کەی پەلکێشی نێو خاکی باشووری کوردستان و بەتایبەت سنووری زۆنی سەوز کردووە، بەم هۆیەشەوە رۆژانە دەبیستین درۆنی تورکی کادرانی پەکەکە لە جێگا جیا جیاکان دەکرێنە ئامانج، پرسیار لێرە دا دروست دەبێ، تورکیا چۆن زانیاری لەبارەی جوڵەی کادرانی پە*کە*کە پێ دەگات، ئەگەر یەکێتی لەم رووەوە هاوکاری تورکیا نەکات؟، ئەم سیاسەتەی یەکێتی کە لەلایەک خۆی بە دۆستی پەکەکە نیشان دەدات، لە لایەک دەیان کات بە خۆراکی درۆنی تورکی خزمەت نە بە یەکێتی و نە بەخەڵکی باشور ناکات، بەڵکو هۆکارێکە بۆ دروست بوونی نەهامەتی بۆ خەڵک.

ئەو بەرپرسەی پارتی جەخت دەکاتەوە کە پە*کە*کەش دەبێ لە دوو شت تێ بگات، یەکەم باشوری کوردستان شوێنی خەباتی ئەوان نییە و دەبێت بچنەوە باکوری کوردستان، دووەم یەکێتی ئەو دۆستە راست و دروستە نییە کە پشتی پێ ببەستن، بەڵکو لە پشتەوە دەیان فرۆشێت بە تورکیا، رەنگە خۆشیان باشتر لە هەر کەس ئەمان ئێستا بۆ روون بووبێتەوە، کە بۆچی و چۆن ئەم هەموو کادر و بەرپرسە گەورانەیان لەو زۆنە دەکرێتە ئامانج؟.

نازم هەرکی پێیوایە پێویستە یەکێتی ئیدی بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوە، هاوکاریکردنی رووکەشی پە*کە*کە بووەستێنێت ئەگەر لەبەر خۆیشی نەبێت، لەبەر خەڵکی سلێمانی و دەڤەرەکە ئەمە بکات، چونکە لە سیاسەتی چەوتی یەکێتی گەل ماندووە و بيزارە، درۆنی تورکی بووە بە مەترسی بۆسەر ژیان و ئارامی خەڵک، هۆکارەکەش یەکيتییە.