٣١ی ئاب زۆر لە عەقڵ و بیرکردنەوەی سیاسی سەرانی یەکێتی گەورەترە

بڵند ئیسماعیل؛ ٣١ی ئاب زۆر لە عەقڵ و بیرکردنەوەی سیاسی سەرانی یەکێتی گەورەترە

لە نزیکبوونەوەی ٣١ی ئاب دا، کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ گەلی کورد ناوزەندی دەکات، یەکێتییەکان شین دەگێڕن، بەرپرسانی یەکێتی بە رێگای جۆراو جۆر پەلاماری پارتی دەدەن.

لەمبارەیەوە بڵند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی لقی دووی پارتی بە (بازمیدیا)ی راگەیاند؛ ٣١ی ئاب زۆر لە عەقڵی سیاسی سەرکردەکانی یەکێتی نیشتمانی گەورەترە، ئەوان ناتوانن درک بەو هەنگاوە سیاسییە مەزنەی پارتی بکەن، بۆیە حەق وایە هیچ قسە و لێدوان و نووسینێک لەسەر ئەم بابەتە نەنووسن و نەڵێن.

بەرپرسی لقی دووی پارتی دەڵێ؛ عەقڵی تاکتیک بازی و رووکەشی سەرانی یەکێتی زۆری ماوە، تا لەو جۆرە جوڵە سیاسی و دەرئەنجامە مسۆگەرەکەی تێبگات، چونکە کاری وا سەرکردەی خاوەن ئەزمون و دوژمن شکێن و بەرچاو روونی وەک سەرکردایەتی پارتی و بارزانی پێویستە، کە تاکتیکی باش و خێرا دەخاتە خزمەت ستراتیجی نەتەوە و نیشتمان، لە بەرژەوەندی گەلەکەی هەموو شتێک پێچەوانە دەکاتەوە.

سەرکردەکەی پارتی پێیوایە کە یەکێتی لەبەر خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە خاک و خۆی تێدا هەرزان فرۆشکرد و هیچ دەستکەوتێکی تێدا بەدەست نەهێنا، واباشتربوو کە ئیدی دان بە فەشەل هێنانی سیاسی خۆیان بنێن و هەڵە گەورەکانیان قەرەبوو بکەنەوە و خەڵک لە خۆیان ئاشت بکەنەوە، نەک خۆیان لە سیاسەتی سیاسییە گەورەکان هەڵبقورتێنن، چونکە هێشتا یەکێتی لە نێو خۆی خۆیدا باجی ئەو خیانەتە دەدا و بوون بە چەندین باڵ، وا باشترە کە سەرەتا کێشە ناوخۆیەکانیان چارەسەر بکەن، لەبری ئەوەی قسە لەسەر دەستکەوتەکانی ٣١ ئاب بکەن.