گوژمەیەك بۆ لێدانی بیری قووڵ لە شاری كفری خەرج دەكرێت

لەسەر بڕیاری سەرۆکوەزیران پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵکی کفری بەردەوامە و بەڵێنێکی دیکە چووە بواری جێبەجێکردنەوە

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند ، بەمەبەستی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتووانی گەڕەكێكی شارەكە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار فەرمانێكی وەزاری دەركرد بۆ خەرجكردنی گوژمەیەك بەمەبەستی لێدانی بیری قووڵ لە كەڕەكی شارەوانی لە شاری كفری.

ڕاشیگەیاندووە ، بەپێی فەرمانەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، گوژمەی ئەو پرۆژەیە لەسەر ڕێژەی (17%)ی داهاتی ئاوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی گەرمیان بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆژەی لێدانی بیری قووڵ و دروستكردنی بینا و ژووری پاسەوان و كلۆر بۆ گەڕەكی شارەوانی لە شاری كفری.

ئاماژە بەوەشکراوە ، شایەنی باسە پێشتر لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەمەبەستی دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ دانیشتووانی شاری كفری، دەست بە لێدانی پێنج بیری ئاوی خواردنەوە كرا و هاوكات سەرۆكی حكومەت بڕیاری دا چەندین پرۆژەی تری خزمەتگوزاریش لە شاری كفری جێبەجێ بكرێن.

ئەوەش هاتووە ، بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی دووشەممە 24/7/2023، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە كۆبوونەوەیەكدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و دیوانی وەزارەتی ڕاسپاردن بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و شاری كفری، بەزووترین كات دەست بكرێت بە جێبەجێكردنی پرۆژەی لێدانی ئەو پێنج بیرە بۆ دانیشتووانی شاری كفری.