سەرۆک بارزانی لەگەڵ چینوتویژەکانی قەزای شێخان کۆبۆیەوە
لەدرێژەی سەردانەکەی بۆ دەڤەری بادینان و کۆبوونەوەی لەگەڵ جەماوەری ئەو دەڤەرە ڕۆژی چوارشەممە 23ی ئابی 2023 سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی قەزای شێخانی کرد و لەگەڵ چینوتوێژەکانی ئەو دەڤەرە کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بارزانی ئامانجی سەردانەکەی بۆ دەڤەرەکە ڕوونکردەوە و وێڕای ئاماژەدان بە پابەندبوونی خەڵکی ناوچەکە بە فەرهەنگی پێکەوەژیان داوای کرد کە ڕێگە نەدرێت هیچ کەسێک و لایەنێکی نامۆ و لادەر ئەو فەرهەنگە دەوڵەمەندە بشێوێنن.
سەرۆک بارزانی هێمای بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان دا و ڕایگەیاند کە هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ کە دۆخی ناوخۆ چارەسەر بکرێت و هەموو لایەک لەسەر ستراتیژیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی ڕێک بکەون. ئەوەشی خستەڕوو کە حکوومەتی تازەی عێراقی لەسەر بنەمای ڕێککەوتنێکی گشتی و ڕەچاوکردنی شەراکەت و تەوازون و تەوافوق دامەزرا بەڵام بەداخەوە ئەو بنەمایانە پشتگوێ خرا. لەدوای سەردانی شاندی باڵای پارتی بۆ بەغدا ئەو چاوەڕوانییە هەیە گرفتەکان چارسەر بکرێن.
لەدرێژەی گوتەکەیدا سەرۆک بارزانی باسی لەوە کرد کە پێویستە هەرێمی کوردستان پشت بە توانا و سەرچاوەکانی ببەستێت و بۆ ئەو مەبەستەش کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێم بەرنامە و پلانی باشی ئەنجام داوە و دەرئەنجامەکانی بە دیار دەکەون.
هەر لە گوتارەکەیدا سەرۆک بارزانی باسی لەو مەترسی و کۆسپانە کرد کە لەبەردەم گەلی کوردستاندا هەن، داواشی کرد کە هەموو لایەک پێکەوە هاوکار بن بۆ قووڵکردنی هەستی نیشتمانپەروەری و هۆشیارکردنەوی خەڵک بۆ ڕووبەڕووی ئەو تەوژمە کە شیرازەی کۆمەڵگە و گەنجەکانمان دەکاتە ئامانج.