پارتی و یەکێتی لەسەر چەند خاڵێک ڕێککەوتن

راگەیەندراوی هاوبەشی كۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی.

کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان ئەنجام درا. دوای تاووتوێی بارودۆخی ناوچەکە بە گشتی و عیراق و کوردستان بە تایبەتی، هەردوولا تەئکیدمان لە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و مافە دەستوورییەکانی کردەوە و تەواوی تواناکانمان دەخەینەگەڕ بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگارییەکان لە پێناو بژێوی هاوڵاتیان و چارەسەرکردنی کێشەکان.
بە ئاڕاستەی زیاتر چڕکردنەوەی هەوڵەکانمان هەردوولامان لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێککەوتین:

١_ هەردوولا پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین لەو کاتەی لەلایەن سەرۆکی هەرێم دیاریدەکرێت لە دوای راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان.

٢_ بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان لە هەموو روویەکەوە کێشە و جیاوازییە بچووکەکان بەلاوە بخرێن و روو لە پێکەوە چارەسەرکردنی کێشەکان بکەین.

٣_ بڕیارماندا پرۆسەی رێکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوام بێت.

٤_ هەردوولا بڕیارماندا پشتیوانی لە رێککەوتنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین.

٥_ لە پێناو زیاتر لێکنزیکبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵەنگاری و سەرکەوتن بەسەر کۆسپەکاندا بڕیارماندا بە رۆحیەتی کوردستانیانە و نیشتمانپەروەرانە بەردەوامی بدەین بە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکان و هەماهەنگیمان لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان.