چەند هۆشداریەک بۆ جوتیارانی هەرێم

بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر: چەندین رێنماییمان دەركردووە لە بەرژەوەندیی جووتیاران تاکو تووشی هیچ زیانێك نەبن.

ڕۆژی 25ـی ئایار 2024، هێمن سەید موراد بەڕێوەبەری گشتیی كشتوكاڵی هەولێر، رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی هەولێر، لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و خۆپاراستن لە كارەساتی نەخوازراو، بەر لە پرۆسەی دروێنەكردن، بە چەند خاڵێك ڕێنوێنیی بۆ جووتیاران دەركردووە كە پێویستە جێبەجێی بكەن.

لەبارەی ڕێنوێنییەكان گوتی، پێویستە ئامێری ئاگركوژێنەوە CO2 شەش كیلۆی لە ناو دەراسەكاندا هەبێت، نابێت بە هیچ شێوەیەك كرداری لەحیمكردن لە ناو كێڵگەی گەنم و جۆ ئەنجام بدرێت، هەروەها هۆشیاربوونی شوفێری دەراسە لە كاتی بوونی هێڵی كارەبا لە ناو كێڵگە زۆر پێویستە ئاگادار بێت.

ئەوەشی خستەڕوو كە چاككردنی رێی نێوان توخوبەكان و رێی چوون بۆ سەر زەوییەكان، بۆ ئاسان گەیشتنی تیمەكانی بەرگریی شارستانی پێویستە هەبێت، هەروەها پێویستە هەر دەراسەیەك بە بەردەوامی تانكەرێك ئاوی بە پڕی لەگەڵدا بێت لە كاتی ئیشكردندا و ترومپای ئاوی لەسەر بێت، بۆ ئەوەی لە كاتی روودانی هەر ئاگرێك، بتوانن بە زووترین كات هەوڵی كونترۆڵكردنی بدەن.

هێمن سەید موراد گوتیشی:
شوفێری دەراسەكان خۆیان بە دوور بگرن لە جگەرەكێشان، ئەگەر كێشایان نابێت فڕێی بدەنە ناو كێڵگەكان”.