ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی: حەقە خەڵکی هەولێر بە یەکێتی بڵێن کە تۆ سوکایەتیمان پێ دەکەیت بە چ حەقێک داوای دەنگمان لێ دەکەیت؟
زیاد کاکە رەزا، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە (بازمیدیا)ی ڕاگەیاند ، دروستکردنی رق، کین، شارچێتی، گاڵتەکردن بەیەک کلتووری حکومەتی داگیرکەری عێراق بووە، بۆیە جێگای داخە کە حزبێکی وەک یەکێتی کە داوای مافی گەلێک بۆ ئازادی و سەربەخۆی کوردستان وەک خۆیان دەڵێن دەیکەن، بەڵام بێت و شارچێتی بکات، پێی وابێ شارێک لە شارێکی دیکە ئاقڵتر و زاناترن، ئەمە بۆ لایەنێکی سیاسی عەیبە، بۆیە پێویستە خەڵکی هەولێر هەڵوێستیان هەبێت، پێیان بڵێن بە ئاشکرا کە سوکایەتیمان پێ دەکەن بە چ حەقێک داوای دەنگمان لێ دەکەن؟.
ئەوەشی خستە روو کە پێویستە هەموو قەڵەم بەدەستان و هاووڵاتییانی کوردستان بێدەنگ نەبن، لە ئاست سوکایەتی کردن بە شارێک، یان قەزا و ناحییە و گوندێک، چونکە ئەگەر لایەنێک خۆی لە بوغز داماڵیبێ و نیەتی خزمەتکردنی هەبێت، ئەوا بە چاو کەم تەماشای هیچ کوچەیەکی ئەم کوردستانە ناکات.
هاوکات باسی لەوەش کرد کە ئەم سوکایەتی پێکردنە لە میدیاکەی قوباد تاڵەبانی بەرامبەر بە هەولێر جاری یەکەم نییە، بەڵکو ئەمە چەندین جارە هەستی پێ دەکەین کە بە بێ شەرمانە و بە بێ پەردە لە راگەیاندن و سۆشیال میدیاکانیانەوە باسی شارچێتی دەکەن، یەکێتی کە خۆی بە خاوەنی ئەم زۆنە دەزانێ و ئەوەشی نەشاردووتەوە، بەرامبەر هەموو گاڵتەپێکردنێک لێرەوە بەرامبەر ناوچەکانی دیکە خۆی بێدەنگ دەکات، لە کاتێکدا هەر سوکایەتیەک ئازاری رۆحی تاکی هەر شارێک دەدات، بۆیە پێویستە هەموو خەڵک هەڵوێست وەرگرن.