چەند بریارێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ قوتابیانی دبلۆمی باڵا و ماستەر و دکتۆرا
بڕیارەکانى کۆبوونەوەى ژمارە (٢)ى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، دوای ٩ سەعات کۆبونەوەی بەردەوام.
١- چەسپاندنى ئەنجامى بەرایى پڕۆسەى خوێندنى باڵا (دیبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا) دواى ڕاگەیاندنى ئەنجامى پەڵپ کە لەلایەن زانکۆکانەوە جێ بەجێ دەکرێت.
٢- ئەو پێشکەشکارانەى کە لەتاقیکردنەوەى توانستى زانستى دەرچوون، بەڵام بەهۆى نەمانى کورسى خوێندن وەرنەگیراون، دەسەڵات دەدرێتە ئەنجومەنى زانکۆکان لەڕێگەى گواستنەوەى (موناقەلە)ى کورسییەکان لەهەمان بەشى زانستى یان زیادکردنى کورسى بەپێى تواناى بەشە زانستییەکانیان یاخود بە هاوبەشى زانستى نێوان زانکۆکان، کورسى خوێندنیان بۆ دەستەبەر دەکەن و هەر کورسییەک کە لەڕێگەى گواستنەوە (موناقەلە) یاخود زیاد دەکرێت بۆ پلانى بنەڕەتى زانکۆکان، ئەوا بەشێوازى پارالێڵ دەبێت. ئەگەر زانکۆکان نەیانتوانى کورسى خوێندن بۆ بەشێک لە دەرچوان دەستەبەر بکەن بە پڕۆسەى سەرەوە، ئەوا بە وەرگیراو هەژمار دەکرێن لەم خولە، بەڵام دەستپێکردنى خوێندنەکەیان دەکەوێتە خولى داهاتو.
٣-دواى جێبەجێ کردنى خاڵى دووەم، ئەگەر لەو بەشانەى کە کورسیەکانیان بەهۆى دەرنەچوونى پێشکەشکاران پڕنەبۆوە، ئەوا کورسیەکانیان پڕدەکرێتەوە بە ڕەچاوکردنى ڕیزبەندى نمرەى توانستى زانستى پێشکەشکاران لە سەرجەم بازنەکان (خوێندنى باڵا، گشتى، و پارالێل) لە بەرزترین کۆنمرەوە بۆ نزمترین تاکو کورسییەکان پڕدەکرێنەوە، بەمەرجێک نمرەى توانستى زانستى بەدەستهاتو لە (١٠) کەمتر نەبێت و هەموو ئەو کورسییانەش خوێندنەکەیان بەشێوازى پارالێڵ دەبێت .
٤- کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانى سیاسى، ئەوانەى لە تاقیکردنەوەى توانستى زانستى نمرەکەیان لە (١٠) و بەسەرەوە بێت ئەوا بە وەرگیراو هەژمار دەکرێن.
٥- کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت بە ڕێژەى (٧٠%)، کە لەلایەن وەزارەتى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتییەوە پشت ڕاست دەکرێتەوە، کورسى خوێندنیان لە دەرەوەى پلان بۆ تەرخان دەکرێت، بەمەرجێک نمرەى توانستى زانستى بەدەستهاتو لە (١٠) کەمتر نەبێت .
٦- بڕیاردرا بە تەرخانکردنى کورسى خوێندن بۆ ناوچە دابڕیندراوەکانى هەرێمى کوردستان بەهەمان پێوەرى خاڵەکانى (٤، ٥).
٧- بڕیاردرا ئامادەکارى بکرێت بۆ ڕاوندێکى ترى خوێندنى باڵا، بۆ ئەم مەبەستەش زانکۆکان ڕاسپێردران لەسەرەتاى مانگى ٩ى ٢٠٢٣ پلانى نوێ ئامادە بکەن و بۆ وەزارەتى بنێرن.