ئەمڕۆ چوارشەممە، ٨ـی شووباتی ٢٠٢٣، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دەدات و تیایدا گفتوگۆی چەند تەوەرێک دەکات.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا ڕاپۆڕتێک سەبارەت بە روودانی دوایین بوومەلەرزە لە هەرێمی کوردستان و ڕێوشوێن و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و یارمەتیدانی هەردوو وڵاتی دراوسێ (سوریا و تورکیا) دەخرێتەڕوو.
بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە تاوتوێ و پەسندکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای “بەرکارکردنی یاسای بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی مایە و مایەدارکردنی تیرۆری فیدراڵی” لە هەرێمی کوردستان و “پەیڕەوی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکـانی پەروەردە و خوێندنی باڵا”.
ڕای حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ڕەشنووسی یاسای دادگای باڵای ئیتیحادی لە بڕگەی سێیەم و کۆتایی کۆبوونەوەکەدا دەخرێتەڕوو.