كێ جاسووسی‌ بۆ یه‌كێتی‌ دەكرد؟

كێ جاسووسی‌ بۆ یه‌كێتی‌ دەكرد؟

سه‌رۆك مەسعود بارزانی‌ له‌ كتێبی‌ بارزانی‌ و بزووتنه‌وەی‌ ڕزگاریخوزای‌ كورد، له‌ لاپه‌ڕە 288 دا باسی‌ شه‌ڕی‌ “كه‌له‌كین” دەكات و ئاماژە به‌و تۆڕە سیخوڕییە دەكات كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌دا كاریان بۆ یه‌كێتی‌ دەكرد.

سه‌رۆك مەسعود بارزانی نووسیویه‌تی‌:

ماوەیه‌كی‌ زۆر بوو تۆڕێكی‌ جاسووسی‌ بۆ یه‌كێتی‌ له‌و سنوورە دامه‌زرابوون، ڕۆژانە هه‌موو زانیارییه‌كانیان سه‌بارەت بە جووڵه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ پارتی‌ بۆ یه‌كێتی‌ دەگواسته‌وە، سپیلك بارەگای‌ سه‌رەكی‌ هێزەكانمان بوو له‌ میحوەری‌ هه‌ریر- خه‌لیفان و كۆڕەك، شوێنێكی‌ ستراتجی‌ و ته‌نانه‌ت وەك كلیلی‌ ناوچەكە بوو، یه‌كێتی‌ هه‌وڵێكی‌ زۆریان دا بۆ گرتنی‌ سپیلك، بەڵام له‌ هه‌موو په‌لامارەكانیاندا شكان، دواتر دەركه‌وت كه‌ زەید عومه‌ر ئاغا سه‌رپه‌رشتی‌ تۆڕە جاسووسییه‌كه‌ دەكات له‌ ناوچه‌كه‌دا، به‌ مه‌به‌ستی‌ ڕێگه‌گرتن له‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ كێشه‌ و رووداوی‌ نه‌خوازراو، خۆم سه‌ردانی‌ ماڵی‌ حوسێن ئاغام كرد له‌ كه‌ڵه‌كین، پێم ڕاگه‌یاند كه‌ زەیدی‌ برازات جاسووسی‌ به‌سه‌ر هێزەكانمانه‌وە دەكات له‌ ناوچه‌كه‌دا، ئامۆژگاری‌ بكه‌ با واز بێنێ‌، چونكه‌ به‌ هیچ شێوەیه‌ك ئه‌وە قبووڵ ناكرێ‌، حوسێن ئاغا به‌ڵێنی‌ دا، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێكی‌ نه‌بوو، دواتر دووجار فرانسۆ هه‌ریریم ناردە لای‌ حوسێن ئاغا و پێشنیارم بۆ نارد یان بابێت له‌ دهۆك به‌ ڕێزەوە دانیشێ‌ یان با په‌یوەندیی‌ به‌ یه‌كێتیه‌وە بكات و رێی‌ چوونی‌ پێ دەدرێ‌، ئه‌گه‌ر بچێته‌ دەروەش دیسان ئامادەین ئاسانكاری‌ بۆ بكه‌ین، هه‌روەها ماوەی‌ 48 سه‌عاتی‌ بۆ دادەنرێ‌ و دوای‌ ئه‌وە ئیجرائات دەكرێ‌.

هه‌روەها سەرۆک بارزانی نووسیوویەتی :
ڕۆژی‌ 18ی‌ حوزەیرانی‌ 1996، فه‌رمان به‌ پێشمه‌رگه‌ درا كه‌ پێویسته‌ زەید دەستگیر بكرێ‌، كاتێك پێشمه‌رگه‌كان چوونە كه‌له‌كین بۆ دەستگیركردنی‌ زەید، حوسێن ئاغا سه‌نگه‌ری‌ لێ دا و شه‌ڕی‌ دەكرد، له‌ چه‌ندان شوێنی‌ تر ته‌قه‌یه‌كی‌ زۆر له‌ پێشمه‌رگه‌كان كرا و شه‌ش پێشمه‌رگه‌ شه‌هید بوون، 11 كه‌سیش بریندار بوون، كاتێك پێشمه‌رگەکانی‌ تر شه‌هیدبوونی‌ هه‌ڤاڵانیانیان بینی‌، ئه‌وانیش تەقەیان له‌ سه‌رچاوەی‌ ته‌قه‌كانی‌ ناو گوندەكه‌ كرد كه‌ یه‌كێكیان ماڵی‌ حوسێن ئاغا بوو، له‌ ئه‌نجامدا سه‌رەتا حوسێن ئاغا بریندار بوو، دواتر گیانی‌ له‌ ده‌ست دا، له‌ ڕاستیدا بۆ لێدانی‌ حوسێن ئاغا نه‌ بڕیار هه‌بوو نه‌ به‌رنامه‌ بوو، به‌ڵام كاتێك كار گه‌یشته‌ شه‌هیدكردنی‌ پێشمه‌رگه‌ دوای‌ تەقەکەیان، هێزەكان به‌ ناچاری‌ وەڵامی‌ ته‌قه‌ی‌ به‌رانبه‌ریان دایه‌وە، به‌بێ‌ ئه‌وەی‌ ئاگاداری سه‌رچاوەی‌ ته‌قه‌كردن یان بزانن كێن ئه‌وانه‌ی‌ ته‌قه‌ دەکه‌ن.

سه‌رۆك بارزانی لە درێژەی باسەکەیدا نووسیوویەتی:
زەید كه‌ سه‌رچاوەی‌ فیتنه‌كه‌ بوو هه‌ڵهات و نه‌گیرا، كاتێك هه‌واڵی‌ گیان له‌دەستدانی‌ حوسێن ئاغام بیست دڵگران بووم، چونكه‌ به‌هیچ شێوەیه‌ك ئه‌و مه‌به‌ست نه‌بوو، فه‌رمانم به‌ فه‌رماندەی‌ سپیلیك كرد كه‌ پێویسته‌ رێز له‌ خێزان و كه‌سوكاری‌ حوسێن ئاغا بگیرێت و له‌سه‌ر داوای‌ محه‌مه‌د قادر سورچی‌، هه‌موو ئاسانكاری‌ بكرێت له‌ ته‌نیشت گۆڕی‌ باوكی‌ به‌ خاك سپێردرا، رووداوەكه‌م زۆر پێ ناخۆش بوو، به‌ڵام هه‌ندێك جار له‌ دەرەوەی ویست و ئیرادەی‌ مرۆڤه‌وە روو دەدەن، دوای‌ ماوەیه‌ك كه‌سایه‌تی‌ و ریشسپیانی‌ هۆزی‌ سورچیانمان بانگێشت كرد و له‌ كۆبوونه‌وەیه‌كدا چۆنیه‌تیی‌ رووداوەكه‌مان بۆ روون كردنه‌وە، له‌ كۆبوونه‌وەكه‌دا هه‌موو به‌شداربووان ئامادەیی خۆیان دەربڕی‌ كه‌ به‌ هیچ شێوەیه‌ك دەرفه‌ت نه‌درێ‌ ناحه‌زان سوود له‌و رووداو و كه‌لێنه‌ وەربگرن به‌ دڵسۆزییه‌وە پابه‌ندی‌ بڕیارەكانی‌ پارتی‌ دەمێننه‌وە.

سه‌رۆك بارزانی له‌ كۆتاییدا نووسیوویەتی:
“دیاربوو كه‌ یه‌كێتی‌ به‌ڵێنی‌ به‌ حوسێن ئاغا دابوو به‌هیچ شێوەیه‌ك سازش بۆ پارتی‌ نه‌كات و له‌ یه‌كه‌م ته‌قه‌دا هێزەكانی‌ یه‌كێتی‌ له‌ به‌نی‌ هه‌ریر و دۆڵی‌ ئالانه‌ هێرش دەکه‌نه‌ سه‌ر پارتی‌، كه‌چی‌ تووشیان كرد و هیچیشیان بۆ نه‌كرد”.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button