سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات

ڕۆژی پێنجشەممە 2ی شوباتی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز مایك برایسۆن ڕیچاردسۆن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا كە خاتوو ڕۆزی كەیڤ كونسوڵی بریتانیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بارودۆخی سیاسی و دواپێشهاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستان تاوتوێ كرا و باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی بە هەنگاوەكانی لایەنە سیاسییەكان بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە چارەسەری گونجاو و هاوبەش نیشاندا. لە بەشێكی ئەو دیدارەدا پەیوەست بە پرسە سیاسیەكانی هەرێم سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە بەرژەوەندیی گەلی كوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی ترە و، پێویستە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچن و هیچ پرس و بیانوویەكی تریش بۆ دواخستنی جێگەی قبووڵ نییە.

هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە ئاڵوگۆڕ كرا و جەختیش لەوە كرایەوە كە پێویستە ڕێكخستن و نوێكردنەوە و چاكسازیی لەناو ڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەگەڵ پڕەنسیپ و مۆڕاڵ و سەروەرییەكانی پێشمەرگەدا هاوتا بێت.

كۆسپ و تەگەرەكانی بەردەم پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو.