تۆمەتبارانی تیرۆری عەقید هاوکار جاف تاکو ئێستا ڕادەستی یاسا نەکراون

تۆمەتبارانی تیرۆری عەقید هاوکار جاف تاکو ئێستا ڕادەستی یاسا نەکراون

هێشتا تۆمه‌تبارانی‌ سه‌ره‌كی‌ تیرۆری‌ عه‌قید هاوكار جاف راده‌ستی‌ یاسا نه‌كراون و مه‌سروور بارزانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كوردستان داوا ده‌كات تۆمه‌تباران راده‌ستی‌ یاسا بكرێن.

رۆژی‌ حه‌وتی‌ ئۆكتۆبه‌ری‌ ساڵی‌ 2022، له‌ به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا له‌ هه‌ولێر، عه‌قید هاوكار جاف ئه‌فسه‌ری‌ ئه‌نجوومه‌نی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌به‌رچاوی‌ ژن و منداڵه‌كه‌یدا تیرۆر كرا، تیرۆركردنه‌كه‌ كاردانه‌وه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ ناوخۆی‌ و ده‌ره‌كی‌ لێ‌ كه‌وته‌وه‌. دوای‌ چه‌ند سه‌عاتێك ئه‌نجوومه‌نی‌ ئاسایشی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ته‌واوی‌ پیلان و جێبه‌جێكردنی‌ كرده‌كه‌یان ئاشكرا كرد و به‌ ڤیدیۆ به‌ رای‌ گشتیان ئاشكرا كرد.

چه‌ندان كه‌سی‌ تر له‌ تاقمه‌كه‌ی‌ بافڵ تاڵه‌بانی‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌
له‌ تیرۆری‌ عه‌قید هاوكار جاف ده‌ركه‌وت كه‌ وه‌هاب هه‌ڵه‌بجه‌یی به‌رپرسی‌ دژه‌ تیرۆری‌ یه‌كێتی‌ و چه‌ندان كه‌سی‌ تر له‌ تاقمه‌كه‌ی‌ بافڵ تاڵه‌بانی‌ ده‌ستیان هه‌بووه‌ و جێبه‌جێكار بوون كه‌ هێشتا راده‌ستی‌ یاسا نه‌كراون.

دوای‌ ئه‌و كرده‌یه‌، گرژی‌ كه‌وته‌ نێوان پارتی‌ و یه‌كێتی‌، یه‌كێتی‌ وه‌ك هه‌میشه‌ كه‌وته‌وه‌ په‌لاماردانی‌ حكوومه‌ت، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ یاسا جێبه‌جێ‌ كراوه‌ و تۆمه‌تبارانی‌ تیرۆر ئاشكرا كراون. وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆ له‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ مه‌سروور بارزانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كوردستان نووسرابوو” داوامان لێ‌ ده‌كه‌ن تیرۆری‌ عه‌قید هاوكار جاف كپ بكه‌ین”.

تیرۆر له‌ناو هه‌ولێری‌ پایته‌ختی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ هێڵی‌ سوور داده‌نرێ‌ كه‌ بۆ یه‌كلا كردنه‌وه‌ی‌ ململانێی‌ سیاسیی ئه‌نجام بدرێ‌.

مه‌سروور بارزانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ كوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆیدا گوتوویه‌تی‌” له‌ باره‌ی كه‌یسی تیرۆركردنی هاوكار جاف كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كیی ئه‌و دۆخه‌ ئاڵۆزه‌یه‌، داوا ده‌كه‌م، سه‌ره‌تا تۆمه‌تباران ڕاده‌ستی دادگا بكرێن و ئینجا با لێژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ داوده‌زگا پێوه‌ندیداره‌كان به‌ ئاماده‌بوونی لایه‌نی نێوده‌وڵه‌تی و نوێنه‌رانی په‌رله‌مانی كوردستان و یان هه‌ر وڵاتێكی دۆست كه‌ بخوازێت به‌شدار ببێت، پێك بهێنرێت، تا هه‌رچی زووتر لیكۆڵینه‌وه‌ له‌گه‌ڵیان ده‌ست پێ بكرێت و ئه‌نجامه‌كان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكرێن”.

جێی‌ ئاماژه‌یه‌ كه‌ هێشتا تۆمه‌تبارانی‌ سه‌ره‌كی‌ تیرۆری‌ عه‌قید هاوكار جاف راده‌ستی‌ یاسا نه‌كراون كه‌ ناوه‌كانیان به‌ وه‌هاب هه‌ڵبجه‌یی ده‌ست پێ ده‌كات.