پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی قسەی خۆی کرد، نۆرەی دەنگدەرانی گشتییە

پۆلیسی هاتوچۆی سلێمانی قسەی خۆی کرد، نۆرەی دەنگدەرانی گشتییە
یەکێتی بەرەو بچووک بوونەوە و شکانی یەکجاری
پوچەڵمان پێشتان خست!!!!
ئەفسەرێک لە هاتوچۆی سلێمانی
هاتوچۆی سلێمانی یەکێکە لە دەوڵەمەندترین سەرچاوەکانی داهاتی یەکێتی و حکومەت لەو شارە، هەروەها ئەو دائیرەیە کە یەکێتی و بەرپرسەکانی لە مێژووی حوکمڕانیدا زۆرترین ئیشی بەدکاریان تێدا کردووە و لە دواییدا ئەفسەر و کارمەندی بەدبەختیان تێوە گلاندووە. چەندی لەو داهاتە خراوەتە خزمەت خەڵک و شەقام و پێداویستییەکانی پۆلیسی هاتوچۆ؟ سفر.
رۆژانە ئەفسەران و کارمەندانی هاتوچۆی سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان دەزانن کە چەند پارە دێتە قاسەی ئەو فەرمانگەیە کە بە لایەنی کەم مانگانە دەگاتە ١٥ پازدە ملیار دینار. ئەمە سەرەڕای ئەو هەموو فیعلە قۆڕەی یەکێتی و پیاوەکانی لە دەروازە سنوورییەکانی لای خۆمان دەیکەن کە بۆتە هۆکار بۆ زیادنەبوونی داهاتی هاتوچۆ و دەستکەوتنی پارەی زۆری حەرام بۆ گەنجینەی یەکێتی و پیاوەکانیان.
داهاتی هاتوچۆ و نشینگەی سلێمانی پێکەوە ساڵآنە خۆی زیاتر لە لە ٢٠٠ ملیار دینار دەدات. جگە لە داهاتی خاڵە سنوورییەکانی باشماخ، پەرویزخان، سەیران بەن، کێلێ و چەند مەرزێکی دیکەی نافەرمی. یەکێتی لە ڕێی ئیدارەی گشتی و کۆمپانیای نۆکان شەریکی قازانجی هەموو پڕۆژەکانی سلێمانییە و کەمتر لە ٥٠٪ قازانج لە کەس وەرناگرێ. بەم هۆکارانە سەرانی یەکێتی نوێ نایەڵن داهاتی هاتوچۆ و داهاتەکانی دیکەی سلێمانی زیاد بکات:
ئیدارەی گشتی یەکێتی بە تایبەت لە لایەن هاوڕێی دارۆی شێخ نوری لە دەروازەکان بە بەردەوامی ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێل بۆ خەڵک داخل دەکەن بەرامبەر بە مەبلەغێک پارە و ئەو ئۆتۆمبێلە بە خەتی تایبەت داخل دەبێت و هیچ رسوماتێکی گومرگی نادات. لە سەهۆڵەکە نوسینگەیان بۆ ئەم جۆرە لە قاچاخچێتی هەیە. بە هۆی خوار مۆدێلی یان هەبوونی کێشە لە مەرجەکانی توندوتۆڵی، ناتوانرێ لە هاتوچۆ تۆمار بکرێت، ئەمەش وا دەکات کە بڕە پارەی تۆمارکردن کە لایەنی کەم بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک لە دوو ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار کەمتر نیە، بۆ داهاتی هاتوچۆ نایەت. ئەو ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتا و تۆمارانە، لە کامێراکان ناگەڕێنەوە و هیچ سزایەک نادرێن، ئەمەش واتا داهاتی کامێراکان کەم دەکات. بەم جۆرە یەکێتی بە ئەنقەست و بۆ ئەوەی لە قاچاخچێتی ئیدارەی گشتی داهاتی دەست بکەوێت، ڕێگرە لە زیادکردنی داهاتی هاتوچۆی سلێمانی و هەڵەبجە و ڕاپەڕین و گەرمیان. ئەو داهاتەش کە ساڵانە ٢٠٠ دوو سەد ملیار دینارە، بە پێی یاسا ٢٥٪ دەبێ بۆ پێداویستییەکانی هاتوچۆ و دامەزراوەکانی دیکەی ناوخۆ بە فەرمانی وەزیر خەرج بکرێت، کەچی یەکێتی بە بیانووی ئەوەی کە پارەکان لە لایەن هەولێرەوە خەرج دەکرێن، ١٠٠٪ ئەو داهاتە دەبات و هیچی بۆ پڕۆژەکانی پێشخستنی دائیرەکانی ناوخۆ کە خۆیان داهات دەهێنن، خەرج ناکات. بۆ نمونە ئێمە لە هاتوچۆی سلێمانی گیرۆدەی نەمانی تابلۆی ئۆتۆمبێل، کارتی سەنەوی، کارتی مۆڵەت، بەنزین و گاز، و پێداویستی رۆژانەی دائیرەکانین کە لە داهاتی خۆمان خەرج دەکرێت، کەچی لە ئیدارەی گشتی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی بانکە بازرگانیەکانی سلێمانی هەموو خەرجییەکان بە فەرمانی نوسینگەی جێگری سەرۆک وەزیران لە سلێمانی ڕاگرتووە.
دووەم: یەکێتی لە سلێمانی گروپێکی بچووکی ئیدارەکردنی داهاتەکانی وەزارەتی ناوخۆی دروست کردووە کە پێکهاتوون لە ( مامۆستا عەتا لە نوسینگەی کاک قوباد لە سلێمانی، سەمیر هەورامی هەر لە نوسینگە و بەرپرسی دۆسیەی حکومەت لە ناو یەکێتی، شاهۆ عوسمان جێگری پارێزگار، دکتۆر ماکوان بەڕێوەبەری گشتی بانکە بازرگانییەکان، لیوا سالار عزیز ڕاگری کۆلێژی پۆلیسی سلێمانی). ئەم گروپە دەبێ ڕازی بن تا هەر چەکێک خەرج دەکرێت و لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو بایی دەیان ملیار پڕۆژەیان ڕاگرتووە کە دەکرا داهاتی سلێمانی چەند قات بکات و بیانووی خەرج نەکردنی چەک بۆ پڕۆژەکانیان ئەوەیە کە کاک قوباد پێویستی بە کاش هەیە بۆ هەندێ پڕۆژە. هەر یەک لە ئەندامانی ئەم گروپە لە لایەک هەوڵ دەدەن بەشێکیان لە کێکی پڕۆژەکانی سەر مرور دەست بکەوێت. بۆیە بەردەوام کێشە بۆ خەرجکردنی چەکەکانیان دروست دەکەن تا ناچار بن پەنایان بۆ ببەن و بەرامبەر بە مەبلەغێک پارەیان بۆ خەرج بکەن. بۆ نمونە کۆمپانیایەکی دروستکردنی سەیارەی درع لە سلێمانی هەیە بە ناوی ئەڵترا دیفینس کە گەنجێک بە ناوی فائق نوری جاسم بەڕێوەی دەبات و لە داهاتی خاوێنی ئەو کۆمپانیایەی درع ئیدارەی گشتی یەکێتی ٥٠٪ی لێ وەردەگرێ. لەگەڵ ئەوەش لە ڕێی لیوا سالار عەزیزەوە بەردەوام کێشە بۆ ئۆتۆمبێلەکانی دروست دەکرێت و لەو ماوەیە مامۆستا عەتا داوای یەک ملیۆن دۆلاری لێ کردووە بۆ ئەوەی کێشەی سەیارەکانی بۆ چارەسەر بکات و گوتویانە ئەو پارەیە بۆ کاک قوبادە بۆ پڕۆژە. کاک فایەق ئامادە نەبووە هیچ بڕە پارەیەکی زیادە جگە لەو ٥٠٪ یە بدات کە وەکو سەرانە لێی وەردەگرن. لیوا سالار عزیز مەنەفێست و ئەوەلیاتی زیاتر لە ٥٠٠ سەیارەی لە دائیرەی مرور لە قۆناغی جیاواز بردووە و ئێستا وردە وردە لە کاتی تحویلی خاوەندارێتی هاوولاتی بۆی دەردەکەوێ کە ئۆتۆمبێلەکەی هیچ بەراییەکی لە مرور نیە و ئەمەش ئۆتۆمبێلەکەی دەکاتە علوج لە کاتێک لە بنەڕەتدا ئۆتۆمبێلەکەی بێ عەیب و کێشەیە. بەراییەکان لای لیوا سالارن و ماوە ماوە وەکو بارمتە بۆ ڕاکێشانی پارە بە ناوی مەکتەبی کاک قوباد بەکاریان دەهێنێ.
سێیەم: بە هۆی دیارنەبوونی داهاتی هاتوچۆ لە سنووری سەوز، کاریگەری خراپ لەسەر ئەدا و ئەخلاقی کارمەند و ئەفسەرانی هاتوچۆ دروست بووە. کە هەست نەکەن بەری ڕەنجی ماندووبوونی ئەوان نە بۆ پەرەپێدانی دامەزراوەکانی خۆیان و نە بۆ پڕۆژە بۆ شارەکانیان و نە بۆ گەنجینەی گشتی بەکار دەهێندرێ، ئەوانیش لەسەر بنەمای ئەو قاعیدەیەی کە مادەم ئەوان دەدزن، ئێمە بۆ بەشێکی نەبەین، چەند کەیسێکی بردنی پارەی هاتوچۆ لەو ماوەیە لە هاتوچۆ ئاشکرا بووە و کارمەند هەیە بە پارەیەکی زۆرەوە لە هاتوچۆی سلێمانی و لە هاتوچۆی ڕاپەرین کە چەند ملیار دینارێکە بە کۆکراوەیی، ڕایان کردۆتە دەرەوەی وڵات و چەند ملیار دینارێک لە داهاتی رۆژانە بردرابووە بازاڕ و کار و کەسابەتی پێ دەکرا. جگە لە کەیسە چارەسەر نەکراوەکانی سەردەمی مامۆستا جەلال بریکاری پێشووتری وەزارەت، عەمید عومەر نامق بەڕێوەبەری پێشووتری هاتوچۆ، لیوا چەتۆ ساڵح بریکاری ئێستای وەزارەتی ناوخۆ، کە هەر یەکەیان دەیان ئەنجومەنی لێکۆڵینەوەیان لەسەرە و تۆمەتی بەهەدەردانی داهاتی هاتوچۆی سلێمانی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتیان بۆ داخل کردنی ئۆتۆمبێڵی خوار مۆدێل و تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلی درعیان خراوەتە پاڵ. ئەم ژینگەیە لە کارکردن کاریگەری خراپی لەسەر ئەدای رۆژانەی کارمەندان و ئەفسەران هەیە بە جۆرێک لەو ماوەیە بەردەوام لە ریزی پێشەوەی بایکۆتی دەوام بوون لە کاتێک هەر رۆژێک بایکۆتکردن بە لایەنی کەم ٥٠٠ پێنج سەد ملیۆن دینار زیانی لە داهات داوە. ئەمڕۆش لە دەنگدانی تایبەت لە ئامادەیی شیرین کە ئێمە کارمەند و ئەفسەرانی هاتوچۆی سلێمانی دەنگمان لێی دا، سەرەڕای ئەو ترس و فشارە زۆرەی خستیانە سەرمان، دەنگی پوچەڵمان سەرخست و لەو یەکێتیەمان بردەوە کە هەموومان توشی نەنگی و خەوشی گەورە کردووە و دۆخێکیان دروستکردووە کەس ئینتیمای بۆ هیچ نەماوە.
چوارەم: هەبوونی ئۆتۆمبێلێکی زۆری مەلیکە، بڕاوەی جۆراوجۆر، خوار مۆدێلی تۆمار نەکراو، لێدراو و غەرقان، هەمووی لە لایەن باڵادەستەکانی یەکێتی لە سەردەمی لاهور تا ئێستا بە قاچاخ بە کۆنتەینەر داخل کراون و بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕ فرۆشراونتە هاووڵاتی و سەرگەردانیان کردوون. ئەم ئۆتۆمبێلانە لە زۆر لاوە بونەتە کێشەی ئەمنی و ئیداری و ژیاری گەورە. هیچ داتایەکیان لای میری نیە، رسوماتی داخل کردنیان نەداوە، تۆمار نەکراون و تابلۆیان نیە و رسوماتیان لێ وەرنەگیراوە، ڕێزی یاساکان ناگرن و سەرپێچی زۆر دەکەن بێ ئەوەی سزا بیانگرێتەوە. سەرەڕای ئەوەی سەرچاوەی هەڕەشەی ئەمنین لە بەر ئەوەی تابلۆیان نیە و ناتوانرێ لە کامێراکانی چاودێری و ئەمنی بەدواداچوونیان بۆ بکرێت. یەکێتی بەمە بە ئەنقەست داهاتی ناوخۆی شارەکەی سنووردار کردووە لە بەرامبەر ئەو داهاتەی لەو پڕۆسە قاچاخچێتیە دەستی دەکەوێت.
پێنجەم: یەکێکی دیکە لەو سەرچاوانەی داهات کە بەرپرسانی یەکێتی و ئیدارەی گشتی بە فیڕۆی دەدەن نوسینگەکانی پشکنینی توندوتۆڵییە کە پێی دەگوترێ (هەززە) کە بە سەدانی لەو دوو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆیە هەیە و هەمووی یان بەرپرسێکی یەکێتی یان ئیدارەی گشتی شەریکن. بە پێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، دەبێ داهاتی ئەو نوسینگانە لایەنی کەم ٢٠٪ی بۆ هاتوچۆ بێت، کەچی ئەمانە لە ٢٠٠٤ ەوە هەندێکیان کار دەکەن و یەک دینار، هیچ کامیان نادەنە هاتوچۆ. داهاتی ئەمە بە ملیارەها دینار مانگانە حساب دەکرێت و هیچی نایەتە گەنجینەی حکومەت.
ئەمانە و دەیان خاڵی تر بونەتە هۆکاری ئەوەی کە یەکێتی سلێمانی و سەرچاوەکانی داهاتی وەکو دەرفەتی خێرای کۆکردنەوەی پارە تێ بگات و باکی بە پێشخستنی دامەزراوەکانی حکومەت نەبێت.
ئێمە شێرەکوڕانی هاتوچۆی سلێمانی لە دەنگدانی تایبەت دەرسێکی باشمان پێدان و لە دەنگدانی گشتی خانەوادەکانمان و دەنگدەرانی سلێمانی و ڕاپەڕین و هەڵەبجە و گەرمیان تۆڵەی ئەو هەموو بێڕێزییە لە یەکێتی نوێ و سەرکردایەتییەکەی دەکەنەوە کە بەسەر ئەو شار و ئیدارە و زۆنەیان هێناوە.
هێشتا زووە زۆرینەی خەڵکی سلێمانی باوەڕبێنن کە پارتی دەکرێتە بەدیل لەبەر ئەوەی پارتی چەندین ساڵە وەکو دێوەزمە وێنا دەکرێت و ماکینەیەکی گەورەی درۆ و ئیعلامیان بۆ ئەو دێواندنە تەرخان کردووە، بە جۆرێک هەموو داهاتی سلێمانی بۆ دزین و بۆ درۆ و دێواندنی پارتی خەرج کراوە. بەڵام ئاماژەکانی هۆشیاربوونەوە روونن و هاوشاریان دەستیان کردووە بە بەراوردکردنی دۆخی شار و ئاواییەکانیان لەگەڵ دۆخی سنووری پارتی و خەریکە تێ دەگەین ئێمە بەدوای کڵاوی با بردوو کەوتووین.
هاوشاریان، دەنگدەرانی دەنگدانی گشتی:
رۆژی سێ شەممە دوایین دەرفەتە کە سەرانی یەکێتی نوێ بخرێن یان بە تەواوی بچووک بکرێنەوە بۆ ئەوەی بزانن هاوشاریان و خەڵکی سنووری زۆنی سەوز لە گەڵ ئەو سیاسەتە درۆیەدا نیە. دەنا تا چوار ساڵی دیکە باڤڵ و تیمەکەی پەڕ و باڵمان پێوە ناهێڵن.



