لایەنگرانی بەرەی کەل: دەبێ لێپێچینەوە لەو فەرماندانە بکرێت کە بە فەرمانی سەرۆک حزبێک بەشداری ئەم تاوانەیان کرد

لایەنگرانی بەرەی گەل گردبوونەوە

ئەمڕۆ ١٨ـی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٥، پاش نزیکەی دوو مانگ ئەندام و لایەنگرانی بەرەی گەل لە بەردەم باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتوەکان لە هەولێر گردبوونەوە.

لایەنگرانی بەرەی گەل لە بەیاننامەیەکدا ڕایانگەیاند، ڕۆژی ٢٢ـی ئاب لەبەرچاوی هەموو دونیا و حکومەتی عێراق، سەرۆکی یەکێتی نوێ (بافڵ تاڵەبانی) بە زیاتر لە ٢٠ هەزار چەکدار و تەواوی چەک و جبەخانەی پێشکەوتوو لە تانک و زرێ پۆش و درۆنی خۆکوژی هێرشی بۆ سەر ماڵی لاهوری شێخ جەنگی ئەنجام دا بەبێ هیچ حیساب کردنێک بۆ ئارامی و ئاسایشی شار و بۆردوومانی جێگای نیشتەجێبونی هاوڵاتیانی سڤیلیان کرد و چەندین کەس شەهید و بریندار بوون و لاهور شێخ جەنگی و هەڤاڵەکانی دەستگیر کران لە کاتێکدا لاهور شێخ جەنگی (ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و ئەندامی تازە هەڵبژێردراوی پەرلەمانی کوردستانە) ئەم هێرش و تۆمەتە بێ بنەمایانەی کە هێرشەکەی پێ ئەنجام درا بێ بەڵگە و یاسا بوون و دوور لە ئەرکی دادگاکان بووە، بە فەرمانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی خۆسەپێنی یەکێتی نوێیە کە لە ڕێگای کودەتای سەربازی دەسەڵاتی بەدەست هێناوە و دەبێ لێپرسینەوە لەو فەرماندانەش بکرێ کە لەژێر فەرمانی سەرۆکی حیزبێک بەشداری ئەم تاوانەیان کردووە و ئێستا بە سەدان کەس لەنێو زیندانەکانی ئاسایش و کۆماندۆ دەستگیر کراون.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی سەدان کەسی دیکە بۆ هەولێر و تەنانەت دەرەوەی وڵاتیش، هەروەها دەست بەسەر کەناڵی زووم دا گیراوە و گوژمەیەکی گەورەی پارەی یانەی نەورۆزیش لەو تاڵانیە دزراوە جگە لە کەلوپەلی تایبەتی ماڵی لاهور شێخ جەنگی و خێزانەکەی.

ئەوەشیان خستووەتەڕوو کەوا داواکارین لە حکومەتی فیدراڵ و دادگای فیدراڵی و دەسەڵاتی دادوەری هەرێم و هەموو ئازادیخوازان فشار بکەن بۆ ئەوەی هەموو هێزەکان لەدەستی سیاسیەکان دەر بهنرێن و یەک بخرێن و بۆ تەسفیە حسابی سیاسی بەکار نەهێنرێن.

هەروەها لە کۆتایی داوای ئازادی بۆ لاهور شێخ جەنگی و تەواوی هەڤاڵانمان دەخوازین کە تاکو ئێستا دادگا هیچ ڕۆڵێکی لە یەکلا کردنەوەی دۆسیەکانیان نەبووە.

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button