له‌ پاریس شه‌قامێك به‌ناو پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێت

له‌ پاریس شه‌قامێك به‌ناو پێشمه‌رگه‌ ده‌كرێت

“ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر و ئان ئیداڵگۆ سه‌رۆكی شاره‌وانی پاریس كۆبوونه‌وه‌”

ئه‌مڕۆ (هه‌ینی 24ـی ئایاری 2024)، له‌ په‌راوێزی (44)ەمین كاره‌كانی كۆنگره‌ی نێودەوڵەتی وڵاتانی فڕانكۆفۆنی له‌ شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر چاویكه‌وت به‌ ئان ئیداڵگۆ سه‌رۆكی شاره‌وانی پاریس.

له‌ دیدارێكدا ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر سڵاو و رێزی سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی گه‌یانده‌‌ سه‌رۆكی شاره‌وانی پاریس، له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی شاره‌وانی پاریس رێز و سڵاوی خۆی له‌ رێگه‌ی پارێزگاری هه‌ولێره‌وه‌ گه‌یانده‌ سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

له‌ دیداره‌كه‌دا تاووتوێی چه‌ند ته‌ورێك كرا، له‌وانه‌، شاره‌وانی پاریس بۆ رێزگرتن له‌ قاره‌مانێتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، به‌رنامه‌ و پلانی هه‌یه‌‌ له‌ نزیكترین كاتدا شه‌قامێكی شاری پاریسی به‌ناوی پێشمه‌رگه‌ بكرێت.

هه‌روه‌ها له‌ دیداره‌كه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر و سه‌رۆكی شاره‌وانی پاریس، تیشكخرایه‌ سه‌ر نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قه‌ڵاتی هه‌ولێر، كه‌ بڕیاره‌ حكوومه‌تی فه‌ره‌نسا له‌م پرسه‌دا به‌شدار بێت و‌ له‌ ئایینده‌یه‌كی نزیكدا له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ كاری پێویست ده‌كرێت و شاندێك له‌ فه‌ره‌نساوه‌ سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌كات.

له‌ دیداره‌كه‌ی نێوان ئومێد خۆشناو و ئان هیداڵگۆ، بڕیاردرا شاندێكی هه‌رێمی كوردستان به‌ فه‌رمی داوه‌تی ئۆلۆمپیاتی ئه‌مساڵی (2024)ـی پاریس بكرێت.

هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ كونسوڵخانه‌ی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌ولێر رێككه‌وتن كرا، كه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكی ئۆلۆمپیانی پاریس، وه‌ك هاوسۆزیی و هاوده‌نگییه‌ك بۆ پاریس وه‌ك ده‌سته‌ خوشكی هه‌ولێر، چالاكییه‌ك له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ بچێت، و لۆگۆی ئۆلۆمپیاته‌كه‌ نمایش بكرێت.