گەندەڵییەكی گەورەی شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ و بەرپرسێكی تری یەكێتی لە هەولێر ئاشكرا دەبێت
”هاوردەكردنی 50 هەزار مانگای نەخۆش بە نووسراوی ساختە“
گەندەڵییەكی گەورەی هەریەك لە شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ، سەرۆكی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەولێر و بەرپرسی مەڵبەندی سێی ئەو حزبە ئاشكرا دەبێت كە خۆی لە هاوردەكردنی پەنجا هەزار مانگای نەخۆش بە بەڵگەنامەسی ساختە، دەبینێتەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتوون، ڕۆژی 21ی نیسانی 2024، بەڵگەنامەیەكی (گومانبار بە ساختە) لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاشكرا كراوە كە بریتی بووە لە بەڵگەنامەی هاوردەكردن و ئامدیوكردنی پەنجا هەزار سەر مانگا بە ناوی كۆمپانیای (كاروان عەبدوڵا سەعیدەوە) كە بەڵگەنامەكە مۆر و واژۆیەكی هاوشێوەی مۆر و واژۆی وەزارەتی دەرەوەی عێراقی بەسەرەوە بووە.
وەك سەرچاوەك گوتی: پاش ئەوەی بەڵگەكەیان پێشكەش بە دامەزراوەكەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردووە، فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، گومانی لە دروستیی بەڵگەنامەكان هەبووە، بۆیە پەیوەندییان بە نووسینگەی وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە كردووە تاوەكوو لە بەڵگەنامەكان دڵنیا ببنەوە، كەچی لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە ئاگادار كراونەتەوە كە ئەو بەڵگەنامانەی پێشكەش كراون، ساختەیە و مۆر و واژۆی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ساختە كراوە.
هەر لەمبارەیەوە ژمارەیەك لە كارمەندانی نووسینگەی جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دواداچوونیان کردووە بۆ هۆکاری رایینەبوونی ئەو مامەڵەیە و نەگەڕانەوەی بەڵگەنامەكان، لە رۆژانی دواتریش لەژێر فشاری خاوەن کۆمپانیاکە، چەند فەرمانبەرێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کە لە شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵەوە نزیكن، هەوڵی زۆریان بۆ وەرگرتنەوەی بەڵگەنامەكان داوە، تەنانەت هەوڵیان داوە بەڵگەنامەكان بەبێ ڕاییكردنیش وەربگرنەوە، ئەمەش بەهۆی ترسیان لە ئاشكرابوونی ساختەكارییەكەیان.
بە گوێرەی زانیارییەكان، ئەو ساختەكارییە بە ئاگاداریی هەریەك لە شاڵاو كۆسرەت ڕەسووڵ، سەرۆكی لیستی یەكێتی لە هەولێر و دكتۆر مەجید، بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكێتی لە هەولێر كراوە كە خۆی پێشتر وەزیری تەندروستیی عێراق بووە لە ساڵانی نێوان 2010 تا 2014 و كەسێكی نزیكی شاڵاوی كۆسرەت ڕەسووڵە. ئەو كەسەشی كە بەڵگەنامە ساختەكراوەكەی بردووەتە ئەو دامەزراوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ناوی كاروان عەبدوڵا سەعیدە و ئامۆزای دكتۆر مەجیدە، دواتریش گوشارێکی زۆریان کردووە تا بەڵگەنامە ساختەكان وەربگرنەوە.
بەپێی بەدواداچوون بۆ رووداوەكە: لە كۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ، بە یەك جار و لە ڕێگەی یەك كەشتییەوە، 19 هەزار مانگا لە بەرازیلەوە هێندراونەتە بەندەرێكی عێراقی، بەڵام بەهۆی نەبوونی مەرجی تەندروستی و نەخۆشی و پۆخڵیی مانگاكان، حكوومەتی فیدڕاڵی ڕێگەی بە هێنانە ناوەوەی ئەو مانگایانە نەداوە و رەوانەی سۆماڵ كراون، كەچی حكوومەتی سۆماڵیش ڕێگەی نەداوە مانگاكان ببرێنە نێو وڵاتەكەیانەوە، بۆیە رەوانەی عێراق کراونەتەوە.
سەرچاوەكە رایگەیاند كە پاش گەڕانەوەی مانگاكان لە سۆماڵ، شاڵاو کۆسرەت ڕەسووڵ لە ڕێگەی دکتۆر مەجیدەوە كە پێشتر وەزیری تەندروستی بووە لە حكوومەتی فیدڕاڵی، مامەڵەیەكی ئەنجام داوە بەوەی ئەو 19 هەزار مانگایە لەگەڵ 31 هەزار مانگای دیكە كە سەرجەمیان پەنجا هەزار سەر مانگان و كۆی ئەو پارەی كە پێیان دراوە، دەگاتە نزیكەی 75 ملیار دینار، كڕدراون و دەیانەوێ لە بەندەرێكی ئێرانەوە بەنێو خاكی ئێران هاوردەی عێراقی بكەن و لە ڕێگەی مەرزی باشماخ و حاجی ئۆمەران بیهێننە ناو هەرێمی كوردستان و دواتر بینێرن بۆ ناوچەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بەڵام لەبەر نەبوونی مەرجی تەندروستی، هەردوو وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مۆڵەتی هاتنە ژوورەوەیان نەداوە، بۆیە ئەوانیش بەڵگەنامەکەیان بە زمانی عەرەبی و بە ساختە دروست کردووە.
جێگەی باسە كە پاش ئەوەی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندیی بە وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە کردووە، ئەم بابەتە بە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و پەرلەمانی عێراق گەیشتووەتەوە، بۆیە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، هەریەك لە وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق و لێژنەكانی نەزاهە و كشتوكاڵی پەرلەمانی عێراق، نووسراویان كردووە بۆ بەدواداچوونی زیاتر، تاوەكوو ساختەكارەكان ڕووبەڕووی یاسا بكەنەوە.