مەسرور بارزانی: هیوادارین حكومەتی فیدڕاڵی یارمەتی ئێمە بدات، ئەو كارانەی لێرە كردوومانە، لە شوێنەكانی تر دووبارە ببنەوە

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەوەی گرنگە ئێستا چۆن ڕووبەڕووی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە و ئەگەر چارەسەری گونجاو نەبێت، مەترسی بۆ هاووڵاتییان و ناوچەکەش دروست دەکات.

ڕۆژی یەکشەممە (12ـی ئایاری 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووریی و دیمۆگرافی عێراق، بەشداری لە پانێلێک کرد و تیشکی خستە سەر دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە.

لەبارەی گۆڕانی کەشوهەواوە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی گرنگە ئێستا چۆن ڕووبەڕووی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە و ئەگەر چارەسەری گونجاو نەبێت، مەترسی بۆ هاووڵاتییان و ناوچەکەش دروست دەکات.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: “لە کۆنەوە سرووشتی مرۆڤ وابووە، بەدوای ژینگەی گونجاو دەگەڕێت و بەدوای خواردن و ئاو و ئاسایشدا دەگەڕێت، بۆیە مەترسیی ژینگەیی لە ناوچەیەک کاریگەری لەسەر ناوچەکانی دیکەش دروست دەکات”.

هه‌روه‌ها سه‌رۆكوه‌زیران راشیگه‌یاند، یەکێک لەو هەنگاوانە بۆ چارەسەری گرفتە ژینگەییەکان، کە مرۆڤ لە شوێنی خۆی چۆن پارێزگاری لەو سرووشتە دەکات کە گونجاو بێت بۆ ژیان، کولتووری ژینگەپارێزی زۆر گرنگە، فەرهەنگی ژینگەپارێزی گرنگە، چۆن لە کۆمەڵگە خۆمان پەرەپێبدەین و و هەوڵەکانی بەبیابانوون و لەناوچوونی دارستانەکان کەمبکەینەوە و ڕێکاریش پێویستە لەسەر ئاستی جیهان پێکەوە ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا ببینەوە.

مه‌سرور بارزانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له‌سه‌ر دەسەڵات و حکوومەتە کار لەسەر ئەو پرسە بکات، ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەمێکە دەستمان بەو هەنگاوە کردووە، هاوشێوه‌ی دروستکردنی پۆند و بەنداو، بووژانەوەی دارستانەکان و بەکارهێنانی گازی بەفیڕۆدراو به‌كارهێنانی بۆ وزە لەبری ئەوەی ژینگە پیس بکات.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، دەتوانین كاری زیاتر بکەین، بەڵام ئەو ئیمکانیاتەی لەبەردەستمانە ئەوەندەبووە، بۆیە ئەرکی حکوومەتی فیدراڵییە کە وەبەرهێنان لەو بوارەدا بکات و کوردستان ژینگەیەکی گونجاوی هەیە کە دەست بکرێت بە هەنگاوەکانی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ژینگە.

سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی گوتیشی: “ئەوەی لەسەر ئێمە بووە، ئەرکی خۆمان جێبەجێ کردووە و ئەوەی لە شارەکانی عێراقیش ڕوودەدات، کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت و بەپێچەوانەشەوە وایە، بۆیە ئامادەی هەموو هەماهەنگییەکین لەگەڵ بەغدا، ئێمە هەنگاوی باشمان ناوە لە هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی هاوکاری ئێمە بکات و بتوانێت هەنگاوەکانی ئێمە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق جێبەجێی بکات”.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، پێویسته‌ بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک، پشت بە کەرتی کشتوکاڵ ببەستین و ببێتە سەرچاوەیەکی داهاتیش، ئێمە ئەوەمان لە هەرێمی کوردستان کردووە بەنموونە، پێش ئەم کابینەیە بەرهەمی پەتاتە 25 هەزار تۆن بووە و ئێستا گەیشتووەتە 800 هەزار تۆن، بۆیە ئەمە دەکرێت لە عێراقیش سوودی لێوەربگیرێت.

نوێده‌كرێته‌وه‌..

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button