چەند دەنگۆیەکی دیکە لەسەر پڕۆژەی هەژماری من ڕەتکرانەوە
ئەمڕۆ شەممە 11ی ئایاری 2024، عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمى کوردستان، لە تۆڕى کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی كردووەتەوە، لە پڕۆژەی هەژماری مندا هیچ بڕە پارەیەك لە هەژمارەكەتدا نابڕدرێت. هاوكات ئاماژەیشی داوە، هیچ سنوورێكیش نییە لەسەر بڕی راكێشراوی پارەكەت.
لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی كە چەند میدیایەك بڵاویان كردووەتەوە، لەوەی گرێبەستی نهێنی و شاراوە لە پرۆسەكەدا بە فەرمانبەر واژوو دەكرێت، ئەم بەرپرسەی حكوومەتی هەرێم رەتی كردووەتەوە و رای گەیاندووە “هیچ گرێبەستێكی نهێنی و شاراوەت پێ واژوو ناكرێت”.
“هەر لایەنێک بانگەشەی پێچەوانەی ئەم ڕاستییانە دەکات بەدوای سەرلێشێواندن و بڵاوکردنەوەی زانیاریی نادروستە.” لە پەیامەکەى جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتدا وا هاتووە.
لە كۆتاییشدا بۆ دڵنیایی رەهای فەرمانبەران، ئەم بەرپرسە حكوومییە نووسیوویەتی، پێویست بە بڵاوكردنەوەی زانیاریی نادروست ناكات، ئێمە لێرەین، پرسیارەکانتان ئاراستەی ئێمە بکەن بۆ دۆزینەوەی ڕاستییەکان.
پڕۆژەی “هەژماری من” پڕۆژەیەكی پێشكەوتوو و هاوچەرخی بانكییە لەپێناو بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەران و لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە پەسەندکراوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیی عێراق جێبەجێ دەکرێت و تا ئێستە حەوت بانك بەشدارن لە پڕۆژەكە، كە فەرمانبەر سەرپشك كراوە لەوەی هەژمارە بانكییەكەی لە كام بانكدا دەكاتەوە.