یەکێتی بەقەد پارتی باوەڕی بە هەڵبژاردن نییە بەڵام ئەوەی باسدەکرێ پلان بۆ داڕێژراوە و دەستی دەرەکی تێدایە

کرمانج عزەت بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی لە چۆمان بۆ بازمیدیا:
یەکێتی بەقەد پارتی باوەڕی بە هەڵبژاردن نییە بەڵام ئەوەی باسدەکرێ پلان بۆ داڕێژراوە و دەستی دەرەکی تێدایە
سەبارەت بەهۆکار و دروستبوونی پرسیاری خەڵک، لەسەر ئامادەییە لەناکاوەکەی یەکێتی بۆ هەڵبژاردن، لە کاتێکدا پێشتر هەموو هەوڵی خۆیان بۆ دواخستنی پرۆسەکە خسبووەگەڕ، بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: “بەڕاستی ئەمە ناوەڕۆکی بابەتەکەیە، دەزانین پلانەکە چییە؟”.
بەرپرسی لقی ٢٦ی گوڵانی پارتی رایگەیاند: “پارتی حزبێکی گەورەیە و دەزانێ لە چ کاتێکدا هەنگاو بنێت، یان ململانێ بکات، یان کار بکات، هەموو یەکێتی بەقەد ئێمە باوەڕیان بە هەڵبژاردن نییە، دوو ساڵە پەرۆشی ئەوەین هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، ئەوەی ئێستا باس دەکرێ هەڵبژاردن نییە و پلان بۆ داڕێژراوە و دەستی دەرەکی تێدایە، چونکە بۆ هەڵبژاردن دەبێت زەمینە ساز بکرێت”.
دەنگۆکانی مسۆگەرکردنی کورسی بۆ یەکێتی یەکێکی دیکەیە لە باسە گەرمەکانی نێو گۆڕەپانی سیاسی ئێستای کوردستان، کرمانج عزەت لەسەر ئەمە گوتیشی: “بەداخەوە ئێمە ئەزمونی کەرکووک و نەینەوامان لەسەر ئەم بابەتانە هەیە، پێمانخۆشە هەڵبژاردن لە کوردستان بکرێت، ئەگەر پارتی ٣٠ کورسیش بهێنێ، بەڵام خەڵک دەنگمان پێ بدات گرفتمان نییە، بەڵام ئەگەر دادگایەک میکانیزمێک دروست بکات و بەهۆی ئەوەوە بشکێین و کورسیمان کەم بکات، واتە بە ویستی خۆیان کورسی دابەش بکەن، سبەی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتەکانیشمان بەویستی خۆیان دیاری دەکەن، پارتی نەک ئەمە قبوڵ ناکات، بەڵکو دەیەوێ هەیبەتی هەرێمی کوردستان لە دیدی جیهاندا رێکبکات، ئەو شەڕەی ئێستا ئێمە دەیکەین لە ماوەی دوور و درێژدا ستراتیژیەکەی دەردەکەوێت لە قازانجی یەکێتیشە”.