مه‌سرور بارزانی بۆ كەناڵی ئێن بی سی ئەمەریكی: جۆری هەڕەشەكان گۆڕاون و پێویستمان بە هاوكاری زیاتر و مانەوەی ئەمەریكا و هاوپەیمانانە

مه‌سرور بارزانی بۆ كەناڵی ئێن بی سی ئەمریكی: جۆری هەڕەشەكان گۆڕاون و پێویستمان بە هاوكاری زیاتر و مانەوەی ئەمریكا و هاوپەیمانانە

مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كەناڵی ئێن بی سیی ئەمەریكی رایگەیاند: سروشتی هەڕەشەكان گۆڕاون پێمانوایە پێویستمان بە هاوكاری زیاترە لە رووی سەربازی و ئابووریی و سیاسیەوە، چونكە ئەو ئالنگارییانەی رووبەڕوومان بوونەتەوە جیاوازن وەك لەو هەڕەشانەی داعش كە پێكەوە رووبەڕوویان بووینەوە و بۆیه‌ پێشبینی هاوكاری زیاتر دەكەین لە ئەمەریكاوە.

سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشکردووە: “پێویستمان بە هاوكاری زیاتری ئەمریكایە و مەبەستمان ئەوە نییە پێویستمان بە سەربازی زیاترە، نەخێر ئێمە پێویستمان بە توانای سەربازی زیاترە بۆئەوەی توانای سەربازی پێشمەرگەمان بگاتە ئاستێك نەك تەنیا بەرگری لە خۆمان خەڵكی خۆمان بكەین بەڵكو بەرگری لە هەموو ئەوانەش بكەین لە هەرێمی كوردستانن”

“گرنگ نییە كێ لە پشت كردەوەی تیرۆریریستییەوەیە، پێویستە ئێمە رووبەڕووی خودی تیرۆریزم ببینەوە”، ئەمە پێناسەی مەسرور بارزانییە بۆ شەڕی دژی تیرۆر، لە چاوپێكەوتنێكی تایبەتدا لەگەڵ كەناڵی ئێن بی سی ئەمەریكی، کە هاوكاتە لەگەڵ هێرشە درۆنییەكانی ئەمەریكا لە بەغدا و كوشتنی دوو سەركردەی حەشدی شەعبی، هەندێك لە سیاسییەكانی بەغداش داوای كۆتاییهێنان بە ئەركی سوپای ئەمریكا لە عێراق دەكەن.

مەسرور بارزانی دەشڵێت، “جۆری هەڕەشەكان گۆڕاون و پێویستمان بە هاوكاری زیاترە و مانەوەی ئەمەریكا و هاوپەیمانانە”.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حکومەتی هەرێمی كوردستان روونیکردەوە: “سروشتی هەڕەشەكان گۆڕاون پێمانوایە پێویستمان بە هاوكاری زیاترە لە رووی سەربازی، ئابووریی و سیاسییەوە. چونكە ئەو ئالنگارییانەی رووبەڕوومان بوونەتەوە جیاوازن وەك لەو هەڕەشانەی داعش كە پێكەوە رووبەڕوویان بووینەوە. پێشبینی هاوكاری زیاتر دەكەین لە ئەمریكاوە. هاوپەیمانە ئەمریكییەكانمان پێماندەڵێن دەمانەوێت كوردستانێكی بەهێز ببینین چۆن؟ واتە پێویستە لە رووی ئابووری، سیاسیی و سەربازییەوە بەهێز بین بۆئەوەی بتوانین لەبەرامبەر هەڕەشەكان خۆمان بپارێزین”.

لە درێژەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکومەت باسی لەوەشکردووە: “وەك دەزانی چەند رۆژێك لەمەوبەر بە درۆن و مووشەك هێرشمانكرایەسەر توانای ئەوەمان نییە لەبەرامبەریان خۆمان بپارێزین. كە دەڵێین پێویستمان بە هاوكاری زیاتری ئەمریكایە مەبەستمان ئەوە نییە پێویستمان بە سەربازی زیاترە، نەخێر ئێمە پێویستمان بە توانای سەربازیی زیاترە بۆ ئەوەی توانای سەربازیی پێشمەرگەمان بگاتە ئاستێك نەك تەنیا بەرگری لە خۆمان و خەڵكی خۆمان بكەین، بەڵكو بەرگری لە هەموو ئەوانەش بكەین لە هەرێمی كوردستانن.”

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان ئاماژەبەوەشدەكات، راگرتنی هەناردەی نەوت و نەدانی بەشەبودجەی هەرێمی كوردستان بارگرانی دروستكردووە و خەڵكی تووشی كێشە بوونەتەوە، كۆمپانیا بیانییەكانیش كە ژمارەیەكیان ئەمریكیین و لە هەرێمی كوردستان وەبەرهێنانیان كردووە تووشی كێشە بوون. بەڵام سەرۆكوەزیرانی فیدراڵ سوودانی نیازپاكی نیشانداوە و ئومێد هەیە كێشەكان چارەسەر بكرێن.

زیادبوونی هێرشی درۆن و مووشەكەكان، ئاماژەیەكی روونە، شەڕێكی نوێ لە ناوچەكە دەستیپێكردووە. هەرێمی كوردستانیش بەدەر نیە لە ئاگری ئەم شەڕە. هەرچەندە هەرێمی كوردستان هیچكات نەبووەتە هەڕەشە بۆسەر دراوسێكانی و هەمووكات فاكتەری سەقامگیری بووە لە ناوچەكە.

لەو بارەیەوە، سەرۆكی حکومەتێ هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە:” ئێمە پێناسەی تیرۆریزم باش دەزانین، گرنگ نییە كێ لەپشت ئەم كردەوە تیرۆریستییەوەیە، پێویستە ئێمە رێگری لە خودی كردەوە تیرۆریستییەكە بكەین. پێویستە رووبەڕووی تیرۆریزم ببینەوە، نەك ئەوەی لەپشتی كردەوەكەوەیە. ئەمە تێروانینی منە لەبارەی ئەو هەماهەنگی و هاوكارییەی لەگەڵ ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانمان هەمانە. بۆئەوەش بەدڵنیاییەوە پێویستمان بە پشتیوانی ئەمریكایە. بەبێ هاوكاری و پشتیوانی ئەمریكا زۆر زەحمەت و پڕ ئالنگاری دەبێت”.

هەروەها مەسرور بارزانی گوتیشی، “ئێمە هەمووكات لەبەرەی پێشەوەی شەڕی دژی تیرۆریزم بووین. وەك دۆست و هاوپەیمان ئێمەش دەبێت ئەوەندە توانامان هەبێت، پێویستیشمان بە پشتیوانی ئەمریكایە. سوپای ئەمەریكا زۆر پشتیوان و هاوكاری عێراق بووە لە شەڕی دژی تیرۆریزم و مانەوەیان لە هەرێمی كوردستان پێویستە، هیچكات داوای كشانەوەی سوپای ئەمەریكامان نەكردووە.”

سەرۆكی حکومەت دەڵێت: “ئەمریكا دەتوانێت و دەكرێت زیاتر بكات، لەوەی تەنیا لەكاتی كوژرانی سەربازەكانیدا بەشێوەیەكی سنووردار وەڵامبداتەوە. دەكرێت سیستمی بەرگری ئاسمانی و چەكی پێشكەوتوو و راهێنانی زیاتر بداتە پێشمەرگە”.

كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو كۆنگرێسی ئەمریكا بودجەی بەرگری وڵاتەكەی بۆ ساڵی 2024 پەسەند كرد، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكاش واژۆی لەسەر كردووە. تێیدا بڕگەیەك تایبەت بە دابینكردنی سیستمی بەرگری مووشەكی بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق تەرخانكراوە. پێویستە لە 1ـی شوباتی ئەم ساڵەوە تا 90 رۆژ، وەزیری بەرگری بە هاوكاری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەستبە داڕشتنی پلانی كرداری بكەن، بۆ دابینكردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی و پێدانی چەك و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان.