بەختیار تاڵەبانی: ئەو کوتلەچیانەی بەناوی خەڵکی سلێمانی دەڵێن “دەبێت قبوڵناکەین”، قامچی لەسەر پشتیان بێ قبوڵی دەکەن
دوای ئەوەی لە رۆژانی رابردوودا ژمارەیەک کادر و خەڵکی نێو دەزگا ئەمنییەکانی یەکێتی و لایەنەکانی دیکەی سلێمانی هاتنە سەر شەقام، دروشمی ‘دەبێت قبوڵ ناکەین’ بەرزکردەوە، دژی گەڕانەوەی مامۆستایان بۆ هۆڵەکانی خوێندن هوتافیان لێ دەدا.
لەمبارەیەوە بەختیار تاڵەبانی، بە (بازمیدیا)ی راگەیاند: ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێت، نازانی لە کوێوە دەست پێ بکەی، خۆ ئاشکرایە ئەم گردبوونەوانە سیاسین، ئەم هەڵایە پەیوەندی بەو پرۆژەی جەماعەتی یەکێتی و ئەو چەند کاندیدە دۆڕاوەی سنوورەکە هەبوو کە خۆیان هەڵبژاردبوو دەرنەچوون و فەشەلیان هێنا، ئەمانە وتیان ٦٠ هەزار ناومان بردووە بۆ بەغدا بۆ ئەوەی راستەوخۆ مووچەمان بۆ رەوانە بکرێت، پێشتریش دوو بۆ سێ پرۆژەی لەم جۆرەیان هەبوو فەشەلیان تێدا هێنا، هەموو ئەم کارانەیان بۆ دژایەتی کردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بەڵام هەر زوو حکومەتی هەرێم بەڕەکەی لەژێر پێ دەرهێنان و فەشەلیان هێنا.
هەروەها پێیوایە ئەو کەسانەی کە دروشمی ‘دەبێت قبوڵ ناکەین’ یان هەڵگرتووە، کۆمەڵێک رێکخراوی کوتلەچین کە نوێنەرایەتی خەڵکی راستەقینەی سلێمانی ناکەن، ئەوانە نەک دەبێت، بەڵکو قامچی لەسەر پشتیان بێت قبوڵی دەکەن، هەر جارە و حزبێک ئاراستەیان دەکات و بۆ مەرامی خۆیان بەکاریان دەهێنن و بە دار و بەردیان دا دەکێشن.
ئاماژەی بەوەدا: لایەنەکانی سلێمانی ئەم جۆرە گردبوونەوانە دەقۆزنەوە بۆ ئەوەی کاندیدەکانی خۆیان بە خەڵک بناسێنن، تا لەو رێگەیەوە دەنگیان بۆ مسۆگەر بکەن، بۆیە ئەم گردبوونەوەوانە هیچ پەیوەندی بە زرنگی و وشیاری خەڵکی سلێمانییەوە نییە، بەڵکو خەڵکەکە بارمتەی دەستی یەکێتی و حزبەکانی سلێمانین و هەر جارە و بە فەتارەتێکیان دەدەن، وایان لەو خەڵکە کردووە کە زمانی گوڵ و دیبلۆماسی قبوڵ ناکەن، جۆرێک لە ماسۆشیەتیان هەیە.
بەختیار تاڵەبانی بۆ (بازمیدیا) رایگەیاند: بێ خزمەتی و پەراوێزخستن، تاڵانی گومرگەکان، بڕینی بانکەکان و نەبوونی شەقامێکی رێک و پێک لە گیانیاندا خۆشە.