سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات
ڕۆژی سێشەممە 10ی تشرینی یەكەمی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز ستیڤن هیچن باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق سەرسامیی خۆی بە پێكەوەژیانی ئاشتیانەی پێكهاتە ئایینی و نەوتەوەییەكان لە كوردستان نیشان دا و، ستایشی ئەو فەرهەنگە مێژووییەی پێكەوەژیانی كرد كە لە كوردستاندا بووەتە هۆی ڕەخسانی كەشێكی لەبار بۆ بوونی ڕەنگ و فرەیی ئایینی و نەتەوەیی و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە بەرگریكردن لە مافی پێكهاتەكان و پاراستنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و قووڵتركردنەوەی بەرز نرخاند. هەر پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە كولتووری پێكەوەژیان لەناو خەڵكی كوردستاندا ڕەگوڕیشەی دێرین و مێژوویی هەیە و گەلی كوردستان بە ڕووی فرەیی و بیروڕای ئایینیدا هەمیشە كراوە و ئازاد بووە و ئەوە بۆ میللەتەكەمان كولتوورێكی دەوڵەمەندە و جێگەی شانازییەكی زۆرە.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر قۆناغە جیاجیاكانی مێژووی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و دەستوور و ڕێككەوتنە سیاسییەكان و ئەوەی دووپاتكردەوە كە لەگەڵ حكوومەتی عێراقی و سەرۆك وەزیران سودانی هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی دەستوور و لە ڕێگەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتنەوە كێشەكان چارەسەر بكرێت.
لە بەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و پێشهاتە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا.