مەسرور بارزانی پێشوازی لە ژمارەیەک له‌ ڕاوێژکارانى سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەکات

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە ژمارەیەک له‌ ڕاوێژکارانى سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ دەکات

ئەمڕۆ چوارشەممە 10/11 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد.

لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکومەت کورتەیەکی له‌بارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و کێشە و ناکۆکییەکانی هەردوولا و ڕێگەی چارەسەرکردنیان لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێککەوتنەکان خستەڕوو.

سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە لە دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، هەرێمی کوردستان، بەشدارییەکی کارا و کاریگەری لە دروستکردنەوەی عێراقی نوێ و پرۆسەی سیاسی کرد بەو ئامانجەی دەوڵەتێکی دیموکرات و فیدراڵ شوێنی ڕژێمی دیکتاتۆریی پێشووی عێراق بگرێتەوە. بەشداریى هەرێمی کوردستانیش، لەسەر بنەمای لەبەرچاوگرتنی هەرسێ پره‌نسیپی سەرەکی، هاوبەشایەتی و هاوسەنگی و سازان بوو بەڵام بەداخەوە دواتر هەوڵی پەراوێزخستن و لاوازکردنی قەوارەی یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستان درا.
سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە کە پێویستە ڕێز لە دەستوور و سیستەمی فیدراڵی عێراق بگیرێت و بەهێز بکرێت و پەرەی پێ بدرێ و لەو چوارچێوەیەشدا، ڕەفتار و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت نەک بە عەقڵییەتێکی مەرکەزی.

سەرۆکی حکومەت گوتیشی عێراق لە ڕووی سامانی سرووشتی و مرۆییەوە، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و خاوەن پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی گرنگە لە ناوچەکەدا و تەنیا پێویستی بە بەڕێوەبردنێکی باش هەیە، کە بە شێوەیەکی یەکسان و دادپەروەرانە، هەڵسوکەوت لەگەڵ سەرجەم هاووڵاتییان و پێکهاتە جیاوازەکانی بکات.

له‌بارەی کێشە و ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کورستان و حکومەتی فیدراڵیش، سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە دا، ئەگەر خواست و ئیرادە و نیازپاکی هەبێت، چارەسەرکردنی کێشەکان سەخت نین. لەم ڕووەوە گوتی پەرۆشی و ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرەکردنی بنەڕەتی و یەکجارەکیى کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێککەوتنەکان دووپات دەکەینەوە و پشتیوانیش لە کارنامەی حکومەتی فیدراڵ و هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەین. بە تایبەتی کێشەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم، کە پێویستە وەک هەموو ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەخۆرانی هەرێمیش، مانگانە بە شێوەیەکی ئاسایی و لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حكومەتی هەرێم مووچه‌كانيان وەربگرن.

شاندەکە وێڕای ستایشکردنی کاروانی ئاوەدانیی و دەسکەوتەکانی گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان، ئاماژەیان بەوە دا کە ئێستا نیازپاکی لە هەردوولادا هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پێویستە ئەو کەش و دەرفەتە ئەرێنییەی دوای سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتیى سەرۆکی حکومەت بۆ بەغدا هاتووەتە ئاراوه‌، لە دەست نەدرێت و لەسەر بنەمای دەستوور کێشەکان چارەسەر بکرێن.