لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون ڕایگەیاند، بە نووسراوی فەرمی وەزارەتی ناوخۆ بازگەکانی ئاگادارکردووەتەوە، گواستنەوەی ئاژەڵان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە قەدەغەیە، جگە لەو حاڵەتانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری شار و شارۆچکەکان ڕێپدانیان پێدەدرێت.
بەگوێرەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوە تای خوێنبەربوون، نابێ لە مەیدانی ئاژەڵان و کۆڵانەکان سەری ئاژەڵان ببڕین، بۆ ئەو مەبەستە وەزارەتی ناوخۆ بە نووسراوی فەرمی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی ئاگادارکردووەتەوە کە ڕێکاری توند دژی ئەو کەسانە بگرنەبەر کە بیانەوێت لە شوێنە نافەرمییەکان ئاژەڵ بفرۆشن یان سەر ببڕن.
لیژنەی بەرەنگاربوونەوە تای خوێنبەربوون لە هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، هەر کەسێک پابەندی ڕێکارەکان نەبێت، بە توندترین شێوە سزا دەدرێت.
هاوکات وەزارەتی کشتوکاڵ چەند ڕێکارێکی بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی تای خوێنبەربوون ڕایگەیاندووە، کە بریتین لە:
📌 پێویستە ئاژەڵەکان لە سەربڕخانە فەرمییەکان سەرببڕدرێن و بە مۆری فەرنیی ڤێترنەری بچێتە بازاڕەوە.
📌 دەبێت پێش سەربڕین و دوای سەربڕین پشکنین بۆ تەندروستی ئاژەڵەکان بکرێت.
📌 پێویستە کەرەنتینەکانی ئاژەڵ لە مەرز و فڕۆکەخانەکان، پشکنینی وردی تەندروستی ئەو ئاژەڵانە بکەن کە دێنە ناو هەرێمی کوردستان.
📌 دەبێت سەربڕخانەکان رێکارە تەندروستییەکانی کەلوپەلی سەربڕین و پۆشینی جلوبەرگی تایبەت ڕەچاو بکەن.
📌 پێویستە هێنانی نافەرمی ئاژەڵان لە سنوورەکانی ناوەوەو دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆنترۆڵ بکرێت.