52 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر هەوڵی تیرۆركردنی بارزانیی نەمر لە لایەن رژێمی بەعسەوە
ئەمرۆ 52 ساڵ تێدەپەرێت بەسەر ئەو هەولە شكستخواردوەی رژێمی بەعس كە لە رۆژێكی وەك ئەمرۆ لە 1971/9/29 هەولی تیرۆركردنی رێبەر و گەورە سەركردەی گەلی كوردستان بارزانی نەمر دا ، لە سەدەی بیستەمدا بارزانیی نەمر بە هۆی خەبات و سەركردایەتیە كاریگەرەكەی بووە فریادرەسی مانەوەو چارەنووسی نەتەوەیەك، ئەو نەتەوەیەی كە لە ژێر زوڵمی داگیركەران و ئەو ستەمە نەتەوەییەی دەرهەقی پیادە دەكرا تووشی نەك هەر پارچەپارچە بوون و چەوساندنەوە هاتبوو، بەڵكو بە هەموو رێگەو شێوازێك هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەكەی دەدراو تەنانەت دەرفەتی بەرگری لە خۆكردن و بە ئەنجامگەیشتنی راپەڕین و تێكۆشانەكانیشی زۆر بەرتەسك دەكران و بە ئاگرو ئاسن بەرسڤی بزاڤەكانی دەدرایەوە، وەلێ بارزانیی نەمر هەر لە بەراهیی دەركەوتنی وەك سەركردەیەكی خەباتكار ئەو واقیعە تاڵەی خستە ژێر پرسیارەوە و موژدەی گۆڕانكاری مێژوویی بەخشیە ژیان و تێكۆشانی گەلی كورد.
لێرەدا هەڵوەستە لە ئاست یەكێك لەو پیلانە كوشندانە دەكەین كە ڕژێمی بەعس بە نەخشەیەكی ژەهراوی هەوڵی تیرۆركردنی بارزانیی نەمر ڕابەری بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانی دا، ئەمە لە كاتێكدابوو كە بە پێی ڕێككەوتنی 11ی ئاداری 1970 كەشی ئاشتی هاتبووە ئاراوە، ئەوە بوو لە 1971/9/29 لە حاجی ئۆمەران سەر بە دەڤەری باڵەكایەتی، پیلانی بەعسی لەڕێی چەند كەسێكەوە كە مەلا و زانای ئاینی عەرەب بوون جێبەجێ كرا، دوژمن لەو پیلانەشدا سەركەوتوو نەبوو، تەنیا رووڕەشی و شەرمەزاری بۆ مایەوە.