بەشیر حەداد: حکومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی تێدا جێبەجێ کردووە، ئێستا نەوت لەدەستی بەغدایە

بەشیر حەداد: حکومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی تێدا جێبەجێ کردووە، ئێستا نەوت لەدەستی بەغدایە

بابەتی بوودجە قوتی خەڵکی کوردستانە و نابێت لایەنە سیاسییەکان خۆیانی لێ کپ بکەن، ئەم بابەتە تەنیا پەیوەندی بە پارتییەوە نییە

دوای پەسەندکردنی پرۆژە یاسای بوودجە، تا ئێستا حکومەتی عێراق پابەندی جێبەجێکردن و ناردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجە نەبووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی تەواوی خۆی راگەیاندووە و نەوت و داهاتە نانەوتییەکانی رادەستی ناوەند کردووە.

لەمبارەیەوە د.بەشیر حەداد، جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە (بازمیدیا)ی راگەیاند؛ ئەم بابەتە هێندەی سیاسییە، ئەوەندە ئیداری و هونەری و یاسایی نییە، بەپێی یاسای بوودجە هیچ بیانوویەک بۆ بەغدا نەماوەتەوە، ئەوەی لە یاسای بوودجەی ٢٠٢٣ جێگیر کراوە حکومەتی هەرێم هەموو پابەندییەکانی خۆی تێدا جێبەجێ کردووە، ئێستا نەوت لەدەستی بەغدایە، ئەو وردبینیانەی داوایان کردبوو تەواو بووە و راپۆرتی چاودێری دارایی فیدراڵی بەشێوەیەکی زۆر باش لە بەرژەوەندی هەرێم بۆ حکومەتی ناوەند بەرزکراوەتەوە، بەڵام ئەوەی ئێستا بەغدا بەغدا دەستی دەستی بەو بابەتە دەکات، ئەمەش بەشێکە لە هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی بەغدا، کە لە دوای ٢٠٠٣ەوە بۆ بچوکردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان ئەنجامیان داوە.

د.بەشیر حەداد پێیوایە کە هەموو شتێک سنووری خۆی هەیە، دان بە خۆداگرتنی سنوری خۆی هەیە، بۆیە ئەگەر لە چەند رۆژانەی داهاتوو ئەم بابەتە یەکلایی نەبێتەوە و نەگەنە ئەنجامێکی راستەقینە، لەسەر حکومەتی هەرێم پێویست دەبێت هەڵوێستێکی دیاری بەرامبەر بەغدا هەبێت، بۆ ئەوەی خەڵکی کوردستان بزانێت چی دەکەن، چونکە ئەگەر حکومەتی هەرێم بێدەنگ بێ و بەغداش هەر ئاوا دەستی دەستی بە قوتی خەڵکەکەمان بکات و شاند بڕوا و بێتەوە، ئەمە خەڵک توشی نیگەرانی و بێ هیوایی دەکات.

جێگری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند؛ پێشتر زۆر گوتمان نەوت کارتە بەهێزەکەی دەست هەرێمی کوردستانە، لە دەست دەربچێت ئەوا هیچ شتێکی بەهێزمان بەرامبەر بەغدا بەدەستەوە نابێت، بەو جۆرەش بەغدا کاریگەری زیاتری بەسەر ئێمەوە دەبێت، ئەو قسەیەش راست نەبوو بە رادەستکردنی نەوت، بەغدا بە هەموو شێوەیەک مافەکانی کوردستان دابین دەکات، چونکە مافی ئێمە لە بەغدا تەنیا بابەتی مووچە نییە، بەڵکو پرسی نەتەوە، نیشتمان، خاک، پێشمەرگە، مادەی ١٤٠، قەوارەی هەرێم و دەستوورە، ئەو دەستوورەی کە هەندێک لە مافەکانی ئێمەی تێدا جێگیر کراوە، زۆرینەی لایەنەکان لە بەغدا بڕوایان بە دەستوور نییە، وادەزانن دەستوور ستەمی لەوان کردووە و مافی زیاتری بۆ کوردستان داناوە، بۆیە جێبەجێکردنی دەستوور لای ئەوان ئەستەمە، بۆیە لە ٢٠٠٥ تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ مادەی دەستور جێبەجێنەکراوە و جێبەجێش ناکرێ.

د.بەشیر حەداد دەڵێ؛ بابەتی بوودجە بەتەنیا پەیوەندی بە پارتییەوە نییە، بەڵکو قوتی خەڵکی کوردستانە، دەبێ هەموو لایەنەکانی کوردستان لەسەری بەجواب بێن نەک خۆیانی لێ کپ بکەن، جگە لەوەش پێویستە سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای کۆبوونەوەی بەپەلەی لایەنە سیاسییەکان بکات، هاوپەیمانییەتییەکی شەرەف بۆ بەرگریکردن لە قوتی خەڵک بەرامبەر بەغدا دروست بکەن، تا ئەگەر پێویستی کرد ئێمە لە پرۆسەی سیاسی عێراقیش بکشێنینەوە.

ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پێش دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای بوودجە، کاتێک لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق هەندێک خاڵی لە پرۆژەکە زیاد کرد و گۆڕی، ئەو کاتە گوتم پێویستە حکومەتی هەرێم قبوڵی نەکات، چونکە یاسای بوودجە کە حکومەتی ناوەند بۆ پەرلەمانی ناردووە بەپێی رێککەوتنی سیاسی لەگەڵ هەرێم کراوە، حکومەتی عێراقی لەسەر دامەزراوە و عێراقی رزگار کردووە.