چیا محەمەد هەرکی: یەکێتی لە ٣١ی ئاب وەک جاشی ئێران لە هەوڵی دروستکردنی هیلالی شیعی بوو
چیا محەمەد هەرکی، ئەندامی کۆمیتەی
ناوەندی پارتی بە (بازمیدیا)ـی راگەیاند؛ لە ٣١ی ئاب پارتی بازنەی یەکەمی دروست بوونی هیلالی شیعی تێک شکاند، توانی هەولێر بهێنێتەوە سەر هێڵی نەتەوەی، نەیهێشت ببێتە ناوەندی تەکمیلەی هیلالی شیعی لە ناوچەکەدا، بە گوێرەی پیلانی ئێران هەولێر دەبوو ببێتە ناوەندێکی گەورەی میلیشیایی، بۆیە ٣١ی ئاب دەرهاوێشتەی چەند رووداوێکی پێشوەختە بوو، چونکە یەکێتی دەیویست بۆ پیلانەکەی ئێران مقاومە (بەرگری) دروست بکات، دواتر خۆی بگەیەنێت بە دهۆک و پارتی لەسەر نەخشەی جوگرافی ناوچەکە لە حکومڕانی هەرێمی کوردستان داببڕێنێت، تا بۆ دوای رووخانی رژێمی بەعس ناوچەکە بەتەواوی لە دەستی ئێران دا بێت، یەکێتی بە روون و راشکاوی بوو بە جاشی ئێران، بەڵام پارتی رژێمی بەعسی بۆ پاراستنی کوردستان بە کرێ گرت، ئەمەیە جیاوازی نێوان ئێمە و یەکێتی.
ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی گوتیشی؛ ئێران ئینقلابێکی زۆر گەورەی بۆ سەر پارتی ئامادە کردبوو، یەکێتی و پە٭کە٭کەش یارمەتییان دەدا، ئێران باش دەیزانی ئەوەی بۆ داهاتوو رێگری لە هیلالی شیعی دەکات پارتییە، ئەمەش بۆ ئەو جێگای مەترسی بوو، لەلایەکی دیکەش لای روون بوو کە تەنیا پارتی حزبێکی نەتەوەییە و داوای سەربەخۆیی بۆ کوردستان دەکات، ئەمەش بۆ سەر ئەو بە مەترسی هەژمار دەکرا.
چیا محەمەد هەرکی بەڵگە بۆ قسەکانی دەهێنێتەوە بەوەی کە پە٭کە٭کە و پاسداری ئێرانی لە ٣١ی ئاب بە جلی کوردییەوە لەناو بارەگاکانی یەکێتی بوون، وەک پێشمەرگەی یەکێتی خۆیان نیشان دەدا، ئەم پیلانەش بۆ شکاندنی پارتی بوو، هەرچەندە پارتی لە ١٦ی ئاب ویستی خۆی بۆ بەردەوامی ئاگربەستی شەڕی ناوخۆ دەربڕی، کەچی بەرەبەیانی ١٧ی ئاب یەکێتی و پە٭کە٭کە بە هەماهەنگی و لەشکرکێشی ئێران لە هەموو سنوورەکانەوە هێرشیان کردە سەر پارتی، نەوشێروان مستەفا لە تۆمارێکی دەنگیدا دەڵێ “بەر لە ٣١ی ئاب ئێرانییەکان بە تۆپبارانکردنی هێزەکانی پارتی یارمەتی یەکێتییان دا، بەو هۆیەشەوە ٤٠٠ پێشمەرگەی پارتیمان کوشت”.
ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دەڵێ؛ فەرەنسا لەو کاتەدا بە وردی چاودێری بارودۆخەکەی دەکرد، دواتر لە رێگەی بەغداوە یارمەتی پارتی دا کە هێڵی ٣٦ تێبپەڕێنێت کە خۆی بۆی دیاریکردبوو، تا ئێران لە نێو خاکی کوردستان وەدەر بنێت، ئیدی پارتی سەرکردایەتی وەدەرنانی هێزی ئێران و یەکێتی کرد، کە یەکێتی و پە٭کە٭کە ببوون بە جاش و چاوساخی ئێران، ئەوەبوو پارتی توانی سەرکەوتووبێت و دواتر هێزەکانی عێراق گەڕانەوە جێگاکانی خۆیان، بۆیە ٣١ی ئاب دەستکەوت بوو ئەوەتا ئێستا هەولێر بووە بە سەکۆی مەزن و ناوەندی بڕیاردانی ناوچەکە بەگشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی، ئەمەش بە رابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی بوو.