سەرۆك بارزانی لەگەڵ جەماوەر و چینوتوێژەكانی قەزای بەردەڕەش كۆبۆوە
پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٣ سەرۆك مەسعود بارزانی سەردانی قەزای بەردەڕەشی كرد و لەگەڵ جەماوەر و چینوتوێژەكانی ئەو دەڤەرە كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بارزانی وتارێكی پێشكەشی ئامادەبوان كرد و لە وتەكەیدا تیشكی خستەسەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و جەختی لەوە كردەوە كە سەركەوتن لە یەكبووندایە و لە هەوڵەكانی بۆ بەدیهاتنی یەكڕیزی لەسەر بابەتە نیشتیمانی و نەتەوەییەكان بەردەوام دەبێت. هەر پەیوەست بە بارودۆخی ناوخۆی هەرێم سەرۆك بارزانی ڕایگەیاند نابێ لایەنەكان بكەونە سەر ڕێگەیەك كە بۆ دروستكردنی كێشە بۆ پارتی یاری بە بابەتە نەتەوەییەكان بكەن و كار بۆ لاوازكردنی هەرێم بكەن. چونكە كوردستان لەسەرووی پارتی و لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی ترە. هەروەها ئەوەشی بۆ ئامادەبوان شی كردەوە كە هەڵبژاردن سەنگی مەحەكە بۆ حوكمڕانی و پێگەی لایەنەكان و دەبێ لەو ڕێگەیەوە لایەنەكان متمانەی گەل وەربگرن.
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ دا و ئەوەی خستەڕوو كە حكوومەتی تازەی عێراق لەسەر بنەمای كۆمەڵێك ڕێككەوتن و پڕەنسیپەكانی شەراكەت و تەوازون و تەوافوق دامەزراوە بەڵام بەداخەوە هێشتا نیەتی خەراپی پشتگوێخستنی ڕێككەوتنەكان هەر ماوە. سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە پشتگیریی سەرۆكوەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ بەڕێز سوودانی دەكەین بۆ ئەوەی بتوانێ ئەو ڕێككەوتنانە جێبەجێ بكات و ڕێگریی لێ نەكرێت.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا دەرگەی گفتوگۆ بۆ ئامادەبوان كرایەوە و سەرۆك بارزانی وەڵامی پرسیار و تێبینییەكانی ئامادەبوانی كۆبوونەوەكەی دایەوە و ئەوەشی خستەڕوو كە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرباری بوونی گرفت و قەیران ئەوەی لە توانایدا بووە بۆ خزمەتكردنی خەڵك كردوویەتی و لە هەوڵی ئەوە دابووە سەرچاوەكانی تری داهات بە تایبەتی لە بواری كشتوكاڵ و گەشتوگوزار بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكات.