بەهۆی نەبوونی پارە لە بانکەکان قۆناغی یەکەمی شەقامى 100 مەترى سلێمانى لە وادەی خۆی دواکەوتووە
پڕۆژەى شەقامى 100 مەترى سلێمانى یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی شارەکە کە بە “ئۆتۆبانى بابان” ناسراوە ساڵى 2020بەردى بناغەى دانرا، بڕیاربوو مانگى تەمموزى ئەمساڵ کارەکانى قۆناغى یەکەمى تەواو ببێت، بەڵام چەند رۆژێکە دەست کراوە بە قیرتاو کردنى، نەبوونى پارە لە بانکەکانى سلێمانى کێشەى بۆ ئەو پڕۆژەیە و زۆرێک لە پڕۆژەکانى دیکەى سلێمانى دروستکردووە.
دوای تێپەڕبوونى ساڵێک بەسەر وادەى تەواوبوونى قۆناغى یەکەمى پڕۆژەکە نەک تەواو نەبووە، بەڵکو تازە بە تازە بەشێک لە شەقامەکەى قیرتاو دەکرێت و هێشتا دیار نییە کەى کۆتایى پێدێت، تا دەست بکرێ بە کارکردن لە قۆناغى دووەم و سێیەم.
ساڵێک لەمەوبەر دەبوایە قۆناغى یەکەمى پڕۆژەى شەقامى 100 مەترى کە 33 کیلۆمەترە تەواو بوایە، بەڵام تا ئێستا کەمتر لە سەدا 50ى پڕۆژەکە تەواو بووە، سەرەڕاى ئەوەى چەندین جار حكومەت پارەى بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخان کردووە، بەڵام کارەکانى وەک پێویست بەڕێوەناچێت.
کێشەى تەواو نەبوونى پڕۆژەکانى سلێمانى چەندین جار باس کراوە و لیژنەى بۆ پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوون، بەڵام ئەنجامى کۆتایى سەرجەمیان یەک شت بووە ئەویش نەبونى پارەیە لە بانکەکانى سلێمانى هۆکارەکەى نەگەڕانەوەى داهاتە بۆ خەزێنەى حکومەت.
بەپێی زانیارییەکان نزیکەى 873 پڕۆژە لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى وەستاون، بەشێک لە پڕۆژەکانیش لە سەدا 90ى کارەکانىان تەواو بووە، بەڵام بەهۆى نەبوونى پارە کارکردن تێیاندا راگیراوە، زیاتر لە 921 بەڵێندەریش مایە پووچ بوون.