فەرمادەی گرووپی ڤاگنەر یاخیبوونی خۆی لە رووسیا ڕاگەیاند
گرووپی ڤاگنەر لە رووسیا یاخی بوون و شەڕیان دژی مۆسکۆ راگەیاند و دەڵێن: رووسیا ئازاد دەکەین.
فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر رایگەیاند، هێزەکانیان چوونەتە ناو خاکی رووسیاوە و دەیانەوێت “گەلی رووسیا ئازاد بکەن”.
ێڤگینی پریگۆجین فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر، کە لە تۆمارێکی دەنگیدا بە فەرمی شەڕی دژی سوپای رووسیا راگەیاند، ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان ژمارەیان 25 هەزار کەسە و دەیانەوێت گەلی رووسیا ئازادبکەن لەو سیستەمەی لە مۆسکۆ حکوم دەکات.
پریگۆژین باسی لەوەشکرد، هێزەکانیان لە هەرێمی رۆستۆڤ بڵاوکردووەتەوە و هێلیکۆپتەرێکی سوپای رووسیاشیان خستووەتە خوارەوەو لە پێشڕەوی بەردەوام دەبن.
لەلایەکی دیکەوە، دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی رووسیا، تۆمەتی یاخیبوونی دایە پاڵ ێڤگینی پیریگۆژین و فەرمانی دەستیگیرکردنی بۆ دەرکرد، بەتۆمەتی یاخی بوون دژی سوپا.
هاوکات، ژمارەیەکی زۆر تانک و زرێپۆش لە شەقامەکانی مۆسکۆی پایتەختی رووسیا بڵاوەیانپێکراوە و هێزە ئەمنییەکانی شارەکە خراونەتە ئامادەباشییەوە.
لە ئێستادا پارێزگای رۆستۆڤی رووسیا باری نائاسایی راگەیێندرا و پارێزگار داوا لە دانیشتووان دەکات لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
فەرماندەی ڤاگنەر ئاماژەی بەوەش کردووە : ڤاگنەر هەموو دامەزراوە سەربازییەکانی دەوروبەری ڕۆستۆڤی داگیرکرد بە فڕۆکەخانەشەوە بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی هێزی ئاسمانی ڕووسیا هێرش دەکاتە سەر ئۆکراینییەکان نەک هی ئێمە.
جۆن کێربی گوتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی، سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی رووسیا و شەڕی گرووپی ڤاگنەر دژی رووسیا، دەڵێت: بەوردی چاودێری جوڵەکانی ڤاگنەر دەکەین و لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان تاوتوێی دۆخەکە دەکەین”
جۆن کێربی باسی لەوەشکرد، جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا لەسەرجەم پێشهاتەکانی دۆخی رووسیا ئاگادارکراوەتەوە.
لەلایەکی دیکە سێگری سورۆڤکین فەرماندەی هێزی ئاسمانی رووسیا، گوتی: “داوا لە سەرکردەی ڤاگنەر ێڤگینی پریگۆجین دەکەم بوەستێت، دوژمن چاوەڕوانی ناکۆکیی سیاسی ناوخۆییە بۆ ئەوەی دۆخی ناوخۆی وڵاتەکەمان خراپتربکات”.
گوتیشی: “ئەمە قبوڵ نەکراوە لەم دۆخە قورسەی وڵاتەکەماندا لە بەرژەوەندی دوژمن جوڵە بکەین، پێش ئەوەی درەنگ بێت پێویستە لەسەرمان پابەندی بڕیارەکانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی رووسیا بین”.
فەرماندەی هێزی ئاسمانی رووسیا راشیگەیاند: “هێزەکانتان بوەستێنن، بگەڕێنەوە شوێنە هەمیشەییەکانیان”.