مه‌سرور بارزانی: خەڵک مافی هەڵبژاردنی هەیە.

مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی کۆمەڵایەت تویته‌ر نووسیویه‌تی: خەڵک مافی هەڵبژاردنی هەیە، لەگه‌ڵ نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، باسمان له‌ ئاماده‌كارییه‌كان و پشتیوانی له‌مباره‌یه‌وه‌ كرد.

له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ یونامی له‌ تویته‌ر نووسیوویه‌تی: “ئەمڕۆ لە هەولێر خاتوو جینین هێنس پلاسخارت لەلایەن مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی لێکرا و تاووتوێی بارودۆخی هەرێمی كوردستانیان کرد و جەختیان لە گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان لە کاتی خۆیدا بەبێ دواکەوتنی زیاتر کردەوە، نوێنەری UN ئامادەیی یونامی بۆ پێشکەشکردنی هاریکاری تەکنیکی دەربڕی”.

ئەمڕۆ چوارشەممە (21ـی حوزەیرانی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جینین هێنس پلاسخارت، نوێنەری سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق کرد.

تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە تاوتوێکردنی دۆخی هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە زووترین کاتدا.