تاوانەکانتان پەردەپۆش ناکرێت
فەرسەت سەید شکور:
پرۆسەی دەستگیرکردنی تاوانباران لە ھەرێمی کوردستان، ئەولەویەتی کارەکانی (دژەتیرۆری کوردستانە)ـە بەتایبەت تیرۆریستان ھەرکات خواستی ئەنجامدانی تاوانێک یان دروستکردنی مەترسیان بۆ سەر خەڵکی کوردستان ھەبێت، دژەتیرۆری کوردستان، بە شاھێدی ھاوپەیمانانی نێودەوڵەتی، خەمخۆرانە لێیان دێنە دەست و ڕووبەڕووی یاسایان دەکەنەوە
بەڵام ئەوەی سەیرە گرووپێکی لادەر لە یاسا لەناو یەکێتی بە ئامانجی پەردەپۆش کردنی تاوانە ئاشکراکانی دیکەیان ھەوڵی بەرگریکردن لە تاوانباران دەدەن، کە ئەوەش ھەڵوێستێکی مەترسیدارە، لەو یاساشدا ھەر بەو شێوە ھەژمار دەکرێت، پاڵپشتکردن لە کەسانێک کە نیازی کردەوەی تیرۆریان ھەبووە، ھەر دەچێتە چوارچێوەی تیرۆرەوە.
لە دوای کەیسی شەھیدکردنی (عەقید ھاوکار جاف) یەکێتی بە ڕێگەی جیاجیا ھەوڵی داخستنی ئەو کەیسەی دا بەڵام بەوپێیەی لە ھەولێر یاسا باڵادەستە و کەس لەسەرو یاساوە نییە ھەموو ئەو ھەوڵانە پووچەڵکراونەتەوە، چونکە ئەم بابەتە ڕەھەندی نیشتمانی-ئەمنی ھەیە و ناکرێت بە خاتری حیزبێکی سیاسیی کە ئەوە چەندین جارە کردەوەی لەو شێوەیە دووبارە دەکاتەوە و لەبەردەم دادگا بێتاوانی خۆی ناسەلمێنێت دیارە کە تاوانکارە، ھەر کەس و گرووپێکیش لە دەست یاسا ڕابکات، ھەڵبەتە تاوانبارە و وەک تاوانبار مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.