عێراق گۆڕا، بەڵام مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە

عێراق وڵاتی شتە سەیر و سەمەرەكانە، مێژووی سەد ساڵی ڕابردوو پڕە لە وانەی جۆراوجۆر كە دەكرێ لە هەموو سەردەمێكدا پەندی لێ وەربگیرێت. لە عێراقدا بەتایبەتی لە پەیوەندیی نێوان كورد و بەغدا، زۆرجار مێژوو خۆی دووبارە دەكاتەوە. لە هەڵبژاردنەكەی ئەمجارەی سەرکۆمار كە نزار ئامێدی لە لایەن حەشد و هێزە ویلائیەكان كرایە سەرکۆمار، بەسەرهاتێكی مێژووییم بیر كەوتەوە و لێكچوونێك لەنێوان ئەو بەسەرهاتە و هەڵبژاردنی نزار ئامێدی هەیە.

لە دوای ڕێككەوتنی یازدەی ئادای 1970 دەبوایە ئەو بنچینەیە جێبەجێ بكرایە كە كورد هاوبەشە لە كاروباری دەوڵەت و لە بەغدا وەزیر و بەرپرسی كوردیش هەبان هەڵبەتە بە ڕەزامەندی و هەماهەنگی لەگەڵ شۆڕش كە پارتی دیموكراتی كوردستان سەرقافڵەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد بوو. ئەوكات لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی وا ڕێككەوتن كرا كە كورد لە حكوومەتی عێراقدا پێنج وەزیری هەبێت و جێگری سەرکۆماریش كورد بێت. بۆ پێنج وەزارەتەكە لە لایەن شۆڕشەوە ساڵح یوسفی و نووری شاوێس و سامی عەبدولرەحمان و نافیز جەلال و ئیحسان شێرزاد دیاری كران و هەروەها حەبیب كەریم فەیلی كە ئەوكات سكرتێری پارتی دیموكراتی كوردستان بوو وەك كاندیدی شۆڕش و پارتی بۆ جێگری سەرکۆماری عێراق دەستنیشان كرا.

دەستەڵاتدارانی ئەوكاتی عێراق ناوی وەزیرە كوردەكانیان پەسەند كرد، بەڵام حەبیب فەیلیان بەلاوە قبووڵ نەبوو بە بیانووی ئەوەی كاك حەبیب فەیلی شیعەیە و گوتیان تەبەعەی ئێرانیە و بەلاماوە پەسەند نیە شیعەیەك ببێتە جێگری سەرکۆمار.

ئەوە بوو شاندێكی حكوومەتی عێراقی كە پێكهاتبوو لە فواد عارف و عەزیز شەریف سەردانی بارزانیی نەمریان كرد و پەیامی حكوومەتی عێراقی (سەدام و حەسەن بەكر)ـیان پێ بوو و بەپێی پەیامەكە حكوومەتی عێراقی حەبیب فەیلییان قبووڵ نەبوو چونكە شیعە بوو و پێشنیاریشیان ئەوە بوو، لەجیاتی حەبیب فەیلی، ئیدریس بارزانی پۆستی جێگری سەرکۆمار وەربگرێت. لە وەڵامی ئەو پەیامەی حكوومەتی عێراقیدا جەنابی بارزانییش پێی ڕاگەیاندن:”كاك حەبیب جێگەی متمانەی منە و هەر ئەو كاندیدی ئێمەیە و كەسی تر نیە.”

ئەوە بوو نە بارزانی پێشنیاری حكوومەتی قبووڵ كرد و حكوومەتیش كاندیدی شۆڕشی قبووڵ نەكرد. بەڵام هەر دەبوایە ئەگەر بە ڕووكەشیش بێت كوردێك پۆستی جێگری سەرکۆمار وەربگرێت بۆ ئەوەی بڵێن كورد لە دەستەڵاتدا شەریكە. ئەوە بوو بڕیاریان دا تەها محیەدین مەعرووف بكەنە جێگری سەرکۆمار كە كوردێكی بەعسی بوو. تەها لەو كاتەوە هەتا ڕووخانی ڕژێم هەر وەك جێگری سەرکۆماری عێراق ما بەڵام بە بێدەسەڵات و كارتۆنی.

نزیکەی پەنجا ساڵ دەرباز بوو. نەوەیەک چووە دوای نەوەیەک. بەغداش گۆڕا، عێراقیش گۆڕا. بەڵام هەندێ شت مایەوە وەک ئەوەی ئاوی كۆن لە زەویدا بمێنێتەوە. دوای زیاتر لە پەنجا ساڵ لەو ڕووداوە دەبینین مێژوو خۆی دووبارە كردەوە. ئەوكات سەدام و ئەحمەد حەسەن بەكر قبووڵیان نەبوو تێكۆشەر و شۆڕشگێرێكی وەك حەبیب فەیلی كە كوردێكی فەیلی بوو ببێتە جێگری سەرکۆمار، لە گەڕی ئەمجارەی هەڵبژاردنی سەرکۆماریشدا دەستەڵاتدارانی عێراق قبووڵیان نەبوو تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرێكی وەك د. فواد حوسێن كە كوردی فەیلیشە، ببێتە سەرکۆمار. بۆیە ئەمجارەش (تەها محیەدین)ـیێكیان دۆزیەوە كە ناوی نزار ئامێدی بوو و كردیان بە سەرکۆمار. هەم تەها و هەمیش نزار هەردووكیان یەك پەروەردە و  لە یەك قوتابخانە و یەك ئەركی هاوشێوەیان هەیە، ئەویش بۆ ئەوەیە کە بۆ دژایەتیكردنی كورد و خزمەتكردنی نەیارانی گەلی كوردستان بخرێنە گەڕ. سبحانەڵا لەو لێكچوونە و لەو دووبارەبوونەوەیە، ئەمجارەش مێژوو بە هەمان دەنگ و بە هەمان ناوەڕۆك و بە هەمان چیرۆک خۆی دووبارە كردەوە بەڵام بە ناوێكی تر..

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button