سەرۆک بارزانی لە کتێبی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بەرگی سێیەم باس لە سەردانەکەی دەکات بۆ لای بارزانی نەمر و دەڵێت : ڕێگەم بۆ لای باوکم لە ئەمریکا، لە تارانەوە دەستی پێ کرد بۆ نیویۆرک کە بە چواردە سەعات فڕین بە باڵەفڕ پێی گەیشتین.
لەوێشەوە بۆ شاری لۆس ئەنجلۆس کە باوکم لەوێ دادەنیشت و بە نێزیکەی پێنج سەعات فڕین گەیشتینە ئەوێ، من ئاگەداربووم باوکم پاش لێبوونەوە لە فەحسەکانی خراوەتە ژێر خولێکی چارەسەری سێ هەفتەیی بەکیمۆسراپی و پاشان دەگەڕێتەوە بۆ فەحسکردنەوەی دکتۆر لە مایۆکلینیک، هەرکە گەیشتمە لۆس ئەنجلۆس گورج سواری تاکسییەک بووم بۆ ئەو ئوتێلەی باوکم و هاوڕێکانی لەوێ دەژیان.
دەستبەجێ چووم بۆ ژوورەکەی علی خەلیل، شەفیق قەزازیشی لەگەڵ بوو، نیشانەی خەمباری بە سیمایانەوە بە ئاشکرا دیاربوو.
یەکەم شت کە لە نائاساییەتیی دیدارەکە بەزەینمدا هات ئەوەبوو ئەو خەمگینییەی ئەوان لە ئەنجامی بارودۆخی گشتیی خۆمان و ئەو حاڵەی گەلەکەمانە کە لە دوای نسکۆوە دەیچێژێ، هەواڵی باوکم لێ پرسین.؟ وتیان لە گەرماوە، داوام لێ کردن شتێکم لە بارەی ئەنجامی فەحسەکانی و چۆنیەتیی چارەسەرکردنیەوە بۆ بگێڕنەوە، کەچی دایانە پڕمەی گریان، منیش خۆم پێ نەگیرا و تەزوویەکی وەک ئیفلیج بوون بەسەرتاپێی لەشمدا هات و خوێن لە دەمارەکانمدا وەستا.
لێم پرسین: چی ڕوویداوە؟ چی بووە؟
زیاتر دایانە پڕمەی گریان، لەم ڕستەیەم بەولاوە لێیان دەستگیر نەبوو: (سەبرکە تا باوکت دێت).
هەرکە لە گەرماوەکە هاتە دەرەوە چووم بۆ لای، بە سەرسامییەکەوە لەبەردەمیدا وەستام، زمانم گیرا و وشەیەکم لە دەم بۆ نەهاتە دەرەوە،
ئەو بنیادەمەم لەبەردەمدا نەدەدی کە هەمیشە خووم بە دیتنیەوە گرتبوو، وەک کەسێکی تر هاتە پێش چاوم کە نەخۆشییەکی سەخت پرزەی لێ بڕیبێ و، لەڕولاواز بووبێ و چارەسەرکردن ڕەنگ و ڕووی گۆڕیبێ و چرچولۆچی ئەوەنده خستبێته دەموچاوی که دیمەنی جارانی نەهێشتبێ و ، ڕەشیی مووە پڕەکەی سەری بە هۆی چارەسەرەوه سپی بووبێ، تێ گەیشت له چ حاڵێکدام، زوو بە ڕاشکاوییە پێ ناسراوەکەی خۆی پێی وتم:
کوڕم دەبێ باوەڕت بەوە هەبێ که مەرگ ڕێگەی هەموو کۆمەڵی ئادەمیزادە و وەنەبێ تەنیا بۆ پیر بێ و گەنج نەگرێتەوە.
نەبەستراوه بە ساغی و نەخۆشییەوه. ئەگەر قەزاو قەدەر بڕیارێکی دا، بەری لێ ناگیرێ و دواناخرێ، ئەنجا ئەو ئایەتەی قورئانی خوێندەوە کە دەفەرمووێ:
” وِلكُلَّ أمّةِِ أجلُ. فاذا جاء أجلُهُم لايستأخِرونَ ساعةََ ولا يستقدِمونَ :
“هەموو ئوممەتێ ئاکامێکی تایبەتیی هەیه، کە ئاکامیان هات نه سەعاتێ دوادەخرێن و نه سەعاتێ پێش دەخرێن”.
چەندی پێ کرا هەوڵی دا باری مسیبەتەكەم لەسەر دڵ سووک بکات.
مسعود بارزانـی
بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد
بەرگی سێیەم/ بەشی دووەم