شەپۆلێکی دیکەی سەرما ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

ئاراس جهبار، شارەزای كهشوههوا ڕایگهیاند: “سبەی ھەینی ٢٠٢٣/٢/١٠، ئاسمانی ھەرێمی كوردستان بە زۆری دەگۆڕێت بۆ ساماڵ و پەڵەھەور، پلەکانی گەرما لە کاتەکانی رۆژدا بە رێژەی ٢ تا ٣ پلە بەراورد بە ئەمڕۆ بەرز دەبێتەوە و لە کاتەکانی بەرەبەیان و شەودا لە زۆربەی ناوچەکاندا بۆ سفر و ژێر سفری سەدی نزم دەبێتەوە، لە ناوچە شاخاوییەکانیشدا ٨ تا ١٣ پلە لەژێر سفرەوە دەبێتهوە.
ھەر لە کاتەکانی سبەی ئێوارەوە بایەکی وشک و سارد لە ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەرین و ناوچە شاخاوییەکانی رۆژھەڵاتی پارێزگای ھەولێر چالاک دەبێت، بە خێرایی ١٥ تا ٣٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا لە ئاڕاستەی باکووری رۆژھەڵاتەوە و تا بەرەبەیانی رۆژی یەکشەمە ٢٠٢٣/٢/١٢، بەردەوامی دەبێت، لە رۆژی یەکشەممەدا ئەگەر ھەیە شەپۆلێکی کورتخایهنی بەفر و باران بەشێکی ناوچەکانمان بگرێتەوە.
سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی شەپۆلەکانی باران و بەفربارین لە کۆتایی ھەفتەی ئاییندە لە ١٦ی ئەم مانگەوە، ئەگەر جێگیر ببێت، جارێکی دیکە کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆ جەمسەرییەکان بەسەر دەریای ناوەراستەوە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و ناوچەکە چالاک دەبێتەوە، کە بارستەھەوای سارد و بۆ ماوەیەک بەفر و بارانێکی باشی لەگەڵدا دەبێت.