بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماڵەكانی لیوا ڕەشەكە و جەمەلۆنەكە لە كەلار قەرەبوو دەكرێنەوە و زەوییان پێ دەدرێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە: “مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی قەرەبووكردنەوە و چارەسەركردنی گرفتەكانیان، بڕیاریدا بە تەرخانكردنی ١٦٣پارچە زەوی بۆ ماڵەكانی هەردوو بینای لیوا ڕەشەكە و جەمەلۆنەكە لە شاری كەلار كە ئەو ماڵانە شوێنەكەیان بۆ نیشتەجێبوون گونجاو نییە و مەترسیی ڕووخان و بوومەلەرزەیان لەسەر هەیە.”
ئاماژە بەوەش كراوە: “ئەو فەرمانەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ لە بەرژەوەندیی دانیشتووانی ئەو دوو شوێنەیە، چونكە لەدوای ڕاپەڕینەوە لەبەر هەژاری و كەمدەرامەتی لەم شوێنە نەشیاوە بۆ ژیانكردن ماونەتەوە و بەردەوام مەترسیی لەسەر ژیانیان هەیە، بۆیە سەرۆكی حكوومەت بە دابینكردنی پارپە زەوی لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) لە سنووری شارەوانیی كەلار شوێنێكی شایستە و گونجاویان بۆ دیاری دەكات تاوەكوو ڕزگاریان بێت لەم بارە ناهەموارەی تێیدان، ئەویش بە قەرەبووكردنەوە و گواستنەوەیان بۆ شوێنێكی گونجاو بە ژیان”.
پێشتر سەرۆكایەتیی شارەوانیی كەلار لە ڕێگەی قایمقامیەتی كەلار و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانەوە بە مەبەستی قەرەبووكردنەوەی ئەو ماڵانە، نووسراوی ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرد، لە رۆژی ١٦ /١٠ /٢٠٢٢ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو بەرژەوەندیی ئەو هاووڵاتییانە و چارەسەركردنی ئەو گرفتە بڕیاریدا هەر ماڵەی بە پارچە زەوییەك لە سنووری شاری كەلار قەربوو دەكرێنەوە و ئەو فەرمانەش لە ڕۆژی دەرچوونییەوە جێبەجێ دەكرێت.