مه‌كته‌بی سیاسی پارتی ڕاگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكردەوە

ڕاگەیەندراوێک لە مه‌كته‌بی سیاسی پارتییەوە

ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، به ‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، كۆبوونه‌وەی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا، تێدا جەختی له‌ چارەسه‌ری كێشه‌ و گرژییه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان كردەوە، به‌گوێرەی پرەنسیپ و ماددەكانی رێككه‌وتنی سیاسی.

 

دەقی ڕاگەیێندراوەکە:

ڕاگەیاندراوی كۆبوونه‌وەی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان

ئه‌مڕۆ چوارشەممە، ١٨ـی ١ـی ٢٠٢٣ مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیمان به‌ سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی كۆبوونه‌وەی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا سه‌بارەت به‌ پێشهات و گۆڕانكارییه‌ سیاسی و حكومی (ئیداری)ەکان له‌ هه‌رێم و ناوچه‌كه‌دا، له‌م كۆبونه‌وەیه‌دا پارتیمان جەختی له‌ چارەسه‌ری كێشه‌ و گرژیه‌كانی كه‌ هه‌ن له‌ په‌یوەندیمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان کردەوە به‌گوێرەی پرەنسیپ و ماددەكانی رێككه‌وتنی سیاسی و ئیداری نێوانمان و كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌می حکومەت كه‌ به‌ڕەزامه‌ندی هه‌ردوولامان نووسراون و ئیمزاكراون.

لە کۆبوونەوەدا ئه‌م ته‌وەرانه‌ی خوارەوە مناقه‌شه‌كران و بڕیاری پێویستیان له‌باروە درا:

یه‌كه‌م/ ته‌وەری ناوخۆی كوردستان: پارتیمان له‌ ڕوانگه‌ی پاراستنی دەستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان كه‌ به‌خوێن و خه‌بات به‌دەست هاتوون و هه‌ستکردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تی و ئه‌زموونی دەیان ساڵه‌ی خه‌باتی بێوچان له‌پێناو ماف و ئامانجه‌ڕەواكانماندا، هه‌روەها له‌پێناو پاراستنی قه‌وارەی هه‌رێمی كوردستان و ئاسایشی هاوڵاتیان، هه‌میشه‌ كۆبوونه‌وە و گفتوگۆ بۆ چارەسه‌ری كێشه‌ و گرفته‌كانی به‌ڕێگای دروست و راست زانیوە، هه‌روەها له‌ڕوانگه‌ی باوەڕبوون به‌ پێكه‌وەژیانی نه‌ته‌وەیی و ئایینی و سیاسی و پاراستنی مافی مرۆڤ، هه‌وڵی دروستكردنی پردی په‌یوەندی و پێكه‌وە كاركردن و متمانه‌ دروستكردنی داوە.

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ و به‌ پڕاكتیككردنی ئه‌م باوەڕ و تێگه‌یشتنه‌مان و، بۆ یه‌كڕیزی گه‌لی كوردستان به‌رانبه‌ر ئاڵه‌نگاری و گرفته‌كان و جێبه‌جێكردنی بڕیاری كۆنگرەی ١٤ی پارتیمان و بڕیاری سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕەیه‌كی نوێمان له‌ په‌یوەندیه‌كانماندا راگەیاند‌، بۆیه‌ لێرەوە هه‌ر وەك پێشتریش دەستپێشخه‌ریمان كردوە بۆ كۆبوونه‌وەی دووقۆڵی له‌گه‌ڵ یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان و له‌ وەڵامی بروسكه‌شیان به‌ڕوونی ئاماژەمان پێداوە كه‌ هه‌بوونی تێبینی و گرفت به‌ بروسكە یان باسكردن له‌ ڕاگه‌یاندن چارەناكرێت، بەڵکو ڕێگای سیاسی و مه‌دەنیانه‌ كۆبوونه‌وەی دووقۆڵی و باسكردن و مناقه‌شه‌كردنی ته‌واوی تێبینی و گرفته‌كانمانه‌ به‌مه‌به‌ستی دۆزینه‌وەی چارەسه‌ر، ئێستایش دووبارەی دەكه‌ینه‌وە ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەین بۆ كۆبوونه‌وە و گفتوگۆ‌ و چارەسه‌ركردنی گرفته‌كان، هەر ئەمەش به‌ڕێگایه‌كی دروست و هاوچه‌رخ دەزانین کە لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی و ته‌واوی لایه‌نه ‌سیاسییه‌كانی كوردستان دەستدەكه‌ین به‌ گفتوگۆ و بیروڕا گۆڕینه‌وە.

دووەم/ ته‌وەری حكومه‌ت: هه‌روەك له‌ خاڵی (٤)ەمی رێككه‌وتنه‌ سیاسیه‌كه‌ی نێوان پارتیمان و یه‌كێتی ـدا هاتووە، دەبوو هه‌ردوولامان پاڵپشتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وە، به‌داخه‌وە نه‌ك پشتیوانی حكومه‌ت نه‌كرا، به‌ڵكو‌ به‌پێچه‌وانه‌وە زۆر ئاسته‌نگی بۆ دروستكرا و ئیستایش كێشه‌ و گرفته‌كان به‌شێوەیه‌ك نیشانی هاوڵاتیانی كوردستان دەدرێن كه‌ گوایه‌ ئه‌م بابه‌تانه‌ له‌گه‌ڵ شه‌خسی به‌ڕێز سه‌رۆكی حکومەتە‌، لێرەوە ڕایدەگه‌یه‌نین ئێمە دژی به‌ شه‌خسه‌نه‌كردنی كێشه‌كانین و ئه‌م جۆرە هه‌وڵانه‌ ڕەتدەكه‌ینه‌وە. سه‌رۆكی حكومه‌ت به‌گوێرەی ماددە و بڕگه‌كانی رێككه‌وتنی‌ سیاسی و ئیداری، هه‌روەها كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م ڕەفتاریكردوە، ئه‌م هه‌وڵانه‌یان بۆ په‌ردەپۆشكردنی ئه‌م كه‌موكوڕیانه‌یه‌ كه‌ دروستیدەكه‌ن و ڕێگا له‌ چاكسازی و شه‌فافیه‌ت دەگیرێ، بۆیە رایدەگه‌یه‌نین کە ئه‌م جۆرە ڕه‌فتار و مامه‌ڵه‌كردنه‌ له‌ كاروباری حكومه‌ت خۆدزینه‌وەیه‌ له‌ ڕێككه‌وتنی سیاسی و ئیداری و كارنامه‌ی كابینەی نۆیەم كه‌ هه‌رسێكیان به‌هاوبه‌شی و به‌ په‌سندی هه‌ردوولامان ئامادەكراون و ئیمزاكراون.

شایه‌نی باسە كۆبوونه‌وەی مه‌كته‌بی سیاسی به‌ته‌واوی توانا پاڵپشتی هه‌ڤاڵ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كابینه‌كه‌ی دەكات و، رێگای چارەسه‌ری كێشه‌كان به‌ردەوامیدانه‌ به‌ گفتوگۆ له‌ كۆبوونه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی وەزیران نه‌ك خۆ په‌راوێزخستن و به‌كارهێنانی دەزگاكانی راگه‌یاندن.

سێیه‌م/ ته‌وەری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان: زۆر هه‌وڵماندا، پڕۆژەمان ئامادەکرد و پێشکەشمانکرد لەو كۆبونه‌وە هاوبه‌شه‌نەی كه‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێم پێكیدەهێنا و سه‌رپه‌رشتی دەكردن، هەروەها لەو كۆبوونه‌وانه‌ش كه‌ نوێنه‌ری UN به‌شداردەبوو، به‌ڵام به‌داخه‌وە دواجار له‌ڕووی ناچاری و لەپێناو پاراستنی قه‌وارەی هه‌رێم بژاردەی درێژكردنه‌وەی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانمان په‌سه‌ندكرد، ئێستایش مه‌كته‌بی سیاسی جه‌خت له‌وە دەكاته‌وە كه‌ دەبێت چیدی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وەكانی په‌كنه‌خرێ و له‌ زووترین كاتدا كۆبوونه‌وەی ئاسایی ئه‌نجامبدات و ئه‌م هه‌نگاوانه‌ بگرێته‌ به‌ر:

-هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن ئه‌وله‌ویه‌تی پێبدرێت لەگەڵ چه‌سپاندنی بابه‌تی چوار بارزنه‌یی و به‌كارهێنانی تۆماری بایۆمه‌تری دوایین هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.

-هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ دەنگدان له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن كۆمسیۆنی سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی كارابكرێته‌وه‌ و پۆسته‌ فه‌ڕاغه‌كانی نێو كۆمسیۆن پڕبكرێنه‌وە.

-داوا له‌ حكومه‌تی هه‌رێم دەكه‌ین پێداویستییه‌ ئیدارییەکان و بودجه‌ی پێویست بۆ هه‌ڵبژاردن له‌م ساڵدا دابین بكات.
-داوا له‌ به‌ڕێز سەرۆكی هه‌رێمی كوردستان دەكه‌ین به‌گوێرەی رێککارە یاساییه‌كان رۆژی هه‌ڵبژاردن له‌وادەی خۆیدا دەستنیشان بكات.

-هه‌روەها داوا له‌ ته‌واوی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان دەكه‌ین پاڵپشت بن بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ساڵی 2023 لەو ‌وادە یاساییەدا كه‌ دیاریدەكرێت.

چوارەم/ سه‌بارەت به‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ و په‌یوەندییه‌كانی هەولێر و بەغداد: ئێمه‌ له‌ پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ دروستكردنی په‌یوەندی دروست و ئاساین له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕاڵ به‌گوێرەی ماددە و بڕگه‌كانی دەستوور بۆ چارەسه‌ری هه‌موو كێشه‌ و گرفته‌كان كه‌ ئێستا هه‌ن یا دێنه‌پێش له‌ڕووی یاسایی و سیاسی و شایسته‌ داراییه‌كانەوە، پێمانوایە توندوتۆڵكردنی په‌یوەندییه‌كان و ئه‌م ڕێبازە خزمه‌تی زیاتر به‌ تەواوی گه‌لانی عێراق به‌شێوەیه‌كی گشتی دەكات و سه‌رجه‌م بابه‌تەكان له‌ ڕێككه‌وتنی سیاسیی ئیدارەی دەوڵه‌ت و كارنامه‌ی كابینەی حکومەتی فیدراڵ‌ به‌ڕوونی ئاماژەیان پێكراوە و چه‌سپێندراون، بۆیە به‌ پێویستی دەزانین ئیلتیزام به‌م رێككه‌وتنانه‌ بكرێ و بكه‌ونه‌ بواری جێبه‌جێكردنەوە.

لەکۆتاییدا بە دانه‌واندنی سه‌ری رێز و نەوازش بۆ شه‌هیدانی كورد و كوردستان كۆتایی به‌ كۆبوونه‌وەكه‌ هێنرا.

مه‌كته‌بی سیاسیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
١٨ـی ١ـی ٢٠٢٣

بابەتی پەیوەندیدار

Back to top button